مەسرور بارزانی: ئێمە بە زۆر كراوین بە عێراقی و بەھۆی عێراقیبوونەوە سزا دراوین
خواكوڕك
دوای بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كە قەدەخەكردنی دانیشتوانی حەوت وڵاتی بۆیان نیە بچنە ئەمریكا كە ئەم بڕیارەی ترەمپ كوردستانیش دەگرێتەوە, ئەو بڕیارە ئاستێكی گەورەی كاردانەوەی هەبوو لەسەر ناوەخۆو دەرەوەی ئەو وڵاتە, بەر پرسێكی باڵای هەرێمی كوردستانیش دەلێت، كورد باجی عێراقیبوون دەدات و ئێمە بە زۆر كراوین بە عێراقی و بەھۆی عێراقیبوونەوە سزا دراوین.
مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی لە بارەی پێنەدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی كوردستان گوتی:” كورد بە مانەوەی لە عێراق سزادراوە و ئەو ھێزەی زۆرترین قوربانیداوە لە شەڕی تیرۆر و بەوتەی بەرپرسانی باڵای ئەمریكا نزیكترین ھاوپەیمانی ئەمریكایە باجی مانەوەی دەدات لە چوارچێوەی عێراق, پێشمەرگە ھاوپەیمانی سەرەكی ئەمریكایە لە شەڕی دژ بە داعش، پێمان ناخۆشە كە خراوەتە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆكی ئەمریكا بۆ پێ نەدانی ڤیزا”.
راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش بە رۆژنامەی ئەلیكترۆنی بەزفیدی ئەمریكی راگەیاندووە: “پێشمەرگە تاكە ھێزە شەڕی داعش دەكات و ھێشتا لە ھەمان سەنگەر شانبەشانی ئەمریكا شەڕی ھەمان دوژمن دەكەین و پێموانیە شتێكی راست و دروست بێت دەوڵەتێك یان نەتەوەیەك باجی ھەڵەی چەند كەسێك بدات”.
شایەنی باسە, دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری رێگریكردن لە پێدانی ڤیزای بە ھاوڵاتیانی ٧ وڵاتی زۆرینە موسڵمان لەناویشیاندا عێراق دەركرد.