نێچیرڤان بارزانی و جێنین پلاسخارت، نوێنەرى تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی رێكەوتنی شنگالیان كرد
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نوێنەرى تایبەتى سکرێترى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دۆخى عێراق بەگشتى، بارودۆخى ئاوارە و پەنابەران لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستان و رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی شنگال کرد.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە و رێککەوتنى حکومەتى هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى شنگال کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییەوە پشتگیریى لێکراوە، “هەردوولا هاوڕابوون کە رێککەوتنەکە گرنگە و هاوکارى و هاوئاهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانى دەوێت بۆ ئەوەى بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە”.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان بە رێز و پێزانینەوە لە رۆڵى گرنگى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەڕوانێت و ستایشى کارە مرۆییەکانى لە شنگال کرد. هەروەها”هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق و دوایین پێشهاتەکانى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناش لە کۆبوونەوەکە تاوتوێکراوە.
لەبارەی کامپەکانى ئاوارە و پەنابەرانیش لە هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەرێمى کوردستان پشتگیرى لە گەڕانەوەى خۆویستانەى ئاوارەکانى عێراق بۆ شار و ناوچەکانیان دەکەنەوە و رایگەیاندووە “بەڕێوەبردنى کامپەکان و دابینکردنى خزمەتگوزارییەکانى وەک پەروەردە و تەندروستى و ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییە گشتییەکانى دیکە، تێچوویەکى زۆر لەسەر هەرێمى کوردستان دەکەون”. هەردوولا هاوڕابوونە کە دەبێت زەمینەسازیى دروست لەڕووى دابینکردنى ئارامى و ئاسایش و خزمەتگوزارییەکانەوە بۆ گەڕانەوەى خۆویستانەی ئاوارەکان بکرێت. دۆخى سیاسى و ئەمنیى عێراق، پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا، بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و “چەند پرسێکى جێى بایەخى هەردوولا”، لە کۆبوونەوەکەدا.