هەنگاو و بڕیارەکانی تڕامپ خێراترن لەوەی کە چاوەڕوان دەکرێ .
نیازحاجی
تڕامپ خێراتر لەوەی کە چاوەڕوان دەکرێ ، بڕیارەکانی دەردەکات و هەنگاوەکانی دەهاوێت ، لە (دە) ڕؤژی یەکەمی دەست بەکاربونیدا ، (دە) بڕیاری گرنگی دەرکرد کە پێشتر لە بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا پەیمانی بەدەنگدەرەکانی دابوو کە ئەگەر بچێتە کۆشکی سپی ئەو بڕیارانە دەردەکات و جێ بەجێیان دەکات .
چۆن بۆ بابەتی کۆچبەران و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی تەندروستی (ئۆباماکیێر) و هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتنی بازرگانی زەریای ئەتلەسی و ناوچەی ئارام خێرا بوو ، ئاواش بۆ دەورەدان و سنوردانان بۆ دەستدرێژیەکانی ئێران لە ناوچەکەدا خێرایە .
تڕامپ ئێران و عێراقی خستە ناو لیستێکی حەوت وڵاتی کە هاوڵاتیەکانیان رێگایان پێ نادرێ سەردانی ئەمریکا بکەن چونکە تڕامپ پێی وایە ئێران عێراقی داگیرکردوە ، ناوی سعودیە نەبینرا لە لیستەکەدا،،،،
دواتر پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ پاشای سعودیە ئەنجامدا ، باسی ناوچەی ئارام لەسوریا و دەستدرێژیەکانی ئێران لەناوچەکەدا ناوەڕۆکی پەیوەندیە تەلەفۆنیەکە بوو بەتایبەت دوا هێرشی حوسیەکان بۆ سەر کەشتیەکی سعودیە .
دوای ۲٤ کاتژمێر لە تاقیکردنەوەی موشەکێکی بالیستی لەلایەن ئێرانەوە ئەمریکا هەڵوێستی توندی بەرامبەر دەڕبڕی ، نوێنەری ئەمریکا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد کۆبونەوەی بەپەلە ئەنجام بدات چونکە ئەو تاقیکردنەوەیەی بە پێشێل کردنی رێککەوتنی ئەتۆمی لەقەڵەمی دا ، بەیاننامەیەکیش لەلایەن راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە دژی دەرکرا ، هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاوڵاتیە ئەمریکیەکانی ئاگادارکردەوە کە سەردانی عێراق نەکەن چونکە لەلایەن داعش و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەڕەشەیان لەسەرە .
لەلایەکی تر، چەند ئەندامێکی کۆنگریسی ئەمریکا پرۆژە بڕیارێکیان ئامادەکردوە تا دەسەڵات بە تڕامپ بدەن گورزی سەربازی لە ئێران بوەشێنێت هەرچەندە پێشبینی ناکرێ وا زوو دەنگ لەسەر پرۆژە بڕیارەکە بدرێ بەڵام سەرۆکی ئەمریکا دەسەڵاتی هەڵگیرساندنی شەڕی هەیە بەبێ گەرانەوە بۆ کۆنگریسیش .
کۆشکی سپی دوێنی سەردانێکی حەیدەرعەبادی هەڵوەشاندەوە کە بڕیار بوو ئەنجام بدرێ لە ئایندەدا بۆ کۆبونەوە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا ، هەڵوەشاندنەوەی ئەو سەردانە بۆ ئەوەیە تا ببێتە گوشار بۆ سەر عەبادی بۆئەوەی خۆی یەکلابکاتەوە سەبارەت بە ئێران و پێویستە هەندێ بڕیار دژی میلیشیاکانی ئێران دەربکات .
لەو باسانەی سەرەوەدا دەردەکەوێت کە تڕامپ جدیە ، هەنگاو و بڕیارەکانی خێراترن لەوەی کە چاوەڕوان دەکرێ لە دژی ئێران ،
دەیەوێت ئەو سیاسەتە هەڵەیەی کە ئیدارەی ئۆباما پەیڕەوی کردوە لە عێراق و سوریا و یەمەن ، راستیان بکاتەوە .