جه‌واد زەریف: ئەگەر بايدن سزا ئابوورييەكان هەڵبگرێت سەرجەم پابەندبوونە ئەتۆمييەكان جێبەجێدەكەين

 

وەزيرى دەرەوەى ئێران، محەمەد جەواد زەريف، رايگەياند، ئەگەر ئيدارەی نوێی ئەمريكا بە سەرۆکایەتی سەرۆکی هەڵبژێردراو، جۆ بایدن سزا ئابوورييەكانی سەر وڵاتەکەی هەڵبگرێت، ئەوە ئێران بەبێ مەرج دەگەڕێتەوە سەر جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو پابەندبوونە ئەتۆمييانەى كە هەڵيپەساردبوو.

 

هه‌روه‌ها جه‌واد زەريف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران لە چاوپێكەوتنێكيدا لەگەڵ رۆژنامەى “ئێران”، چاوەڕوانييەكانی تارانی بۆ گەڕانەوەی واشنتۆن بۆ رێككەوتنى ئەتۆمى لە قۆناغى كانديدى ديموكراتەكانى براوەى هەڵبژاردنەكانى ئەمريكا جۆ بايدن ئاشكراكرد.

 

هه‌روه‌ها وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ، لە بارەى گەڕانەوەى ئەمريكا بۆ رێككەوتنى ئەتۆمى، رايگەياند كە ئامادەن بۆ گفتوگۆ و گوتى، “ئيدارەى ئەمريكا، كە ترەمپ وڵاتەكەى لە بەشداريكردن لە رێككەوتنى ئەتۆمى راگرتبوو، ئەگەر بيانەوێت دووبارە ببنەوە ئەندامێك لە رێككەوتنەكە ئەوە ئامادەين بۆ گفتوگۆ لەسەر چۆنێتى گەڕانەوەى ئەو وڵاتە بۆ رێككەوتنەكە”.

 

وەزیری درەوەی ئێران ئاماژەى بە بڕيارى ژمارە ٢٢٣١ى ئەنجوومەنى ئاسايشى نێودەوڵەتى كرد كە پاڵپشتى رێككەوتنى ئەتۆمى و پێشنيازى هەڵگرتنی سزاكانى سەر ئێران دەكات و گوتى، “ئەگەر ئەمريكا لە چوارچێوەى بڕيارى ژمارە ٢٢٣١دا پابەندبوونەكانى خۆى بە جێبەجێ بکات، ئەوە ئێمەش بەڵێنەكانمان لە رێككەوتنى ئەتۆمى جێبەجێ دەكەين. بۆ ئەمەش پێويست بە هيچ گفتوگۆ يان مەرجێك ناكات”.

 

محەمەد جەواد زەريف گوتيشى، “لە ئەگەرى چوونى بايدن وەكو سەرۆك بۆ كۆشكى سپى، ئەوە دەتوانێت بە سێ مەرسوومى سەرۆكايەتى سزاكان هەڵبگرێت”.

 

Back to top button