پەرلەمانتارێكی یەکێتی : فرەلایەنی شاندی حكوومەتی هەرێم بۆ بەغدا پێگەی هەرێم بەهێزتر دەكات

ئەندامێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق سەر بە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان باس لەوە دەكات كە شاندەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، نوێنەرایەتی هەموو لایەنەكانی پێكهێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە، ئەوەیش بۆ كورد زۆر گرنگە و پێگەی هەرێم بەهێزتر دەكات.

ئارەزوو مەحموود، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، گرنگە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ لە هەموو لایەنە پێكهێنەرەكانی حكوومەتی هەرێم بن.

ئارەزوو زیاتر دەڵێ، ئەو نوێنەرایەتییە لە شاندەكانی ئەم كابینەیە رەنگی داوەتەوە و بینراوە و هەستمان پێی كردووە، ئەوەیش نیشانەی یەكتر خوێندنەوە و یەك هەڵوێستیی لایەنە سەرەكییەكانی پێكهێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان.

لەکۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە كرد، بە یەكگرتوویی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان، حكوومەتی فیدراڵ زیاتر حیساب بۆ حكوومەت و هەرێم و حزبەكانی و خەڵكی كوردستان دەكات، چونكە ئەوان ترازانی كوردیان بەلاوە گرنگە و پێی شادمان دەبن.

Back to top button