کەشناسى هەرێم: سبەی لە ناوچە جیاوازەکان باران دەبارێت و لە توکەى شاخەکانیش بەفر
کەشناسى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ سبەینێ لەبەشێک لە ناوچەکانى هەرێم باران بارین دەست پێدەکات و لە لوتکەى شاخە سنورییەکانیش بەفر دەبارێت.
بەڕێوەبەرایەتى گشتى کەشناسى و بومەلەرزەزانى هەرێم بڵاویکردۆتەوە: سبەى هەینى لەگەڵ درێژبونەوەى کاریگەرى یەکگرتنى هەردو نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى ناوەڕاست و دەریاى سور، ئاسمانى بەشێک لە ناوچەکانى هەرێم دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و هەورى تەواو، لەگەڵ دەستپێکردنى باران بارین لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکان و دواتر ئاست و رێژەى باران بارین لەشەودا زیاد دەکات و باران لە زۆربەى ناوچەکان دەبارێت.
ئەوەش ئاشکراکراوە: لەسەر لوتکەى شاخە بەرزە سنورییەکان بەفربارین دەبێت و پلەکانى گەرما کەمێک رو لە نزمبونەوە دەکەن.
ئاشکراشیدەکات، کاریگەرى ئەم شەپۆلى باران و بەفرە تا رۆژى شەممە بەردەوام دەبێت و ئێوارەى رۆژى شەممە کاریگەرییەکەى کۆتایى دێت.