راوێژکارێکی سەبازی خامەنەیی: یەک جولەی سەربازی ئەمریکا دژ بە ئێران دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
دوای ئەوەی رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا کە پشتی بەستووە بە ژمارەیەک بەرپرسی ئێستای ئیدارەی ترەمپ و هەروەها هەندێک بەرپرسی پێشووی ئەمریکا، پێشبینی هێرشی سەر دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێرانیان کرد، راوێژکارێکی رێبەری ئێرانیش رایدەگەیێنێت، هەر هێرشێک بۆسەر ئێران جەنگ لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەبێت.
حوسەین دەهقان، راوێژکاری سەربازیی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لەبارەی ئەگەری هێرشی سەربازی ئەمریکا رایگەیاندووە “ئێمە پێشوازی لە هیچ کێشەیەک ناکەین. پێشوازی لە جەنگ ناکەین، بەدوای دەستپێکردنی جەنگەوە نین. بەڵام بەدوای ئەوەشەوە نین کە گفتوگۆ لەپێناو گفتوگۆیەکی دیکە ئەنجامبدەین، ئێمە رێگە بە لایەنی بەرامبەر نادەین کاتی خۆی وەربگرێت بۆ لاوازترکردنی وڵاتەکەمان و سەپاندنی سزای زیاتر”.
هەروەها ئەو راوێژکارە باڵایە هۆشداریشی بە ئەمریکا داوە دەڵێت “یەک جولەی سەربازی و تەکتیکی سنوورداری ئەمریکا دژ بە ئێران دەتوانێت ببێتە جەنگێکی گەورە. بێگومان ئەمریکییەکان توانای بەرگەگرتنی کێشەیەکی وا گەورەیان نییە”.