فەرەنسا دژایەتی خۆی بۆ رۆڵی توركیا لە قەرەباغ دەربڕی
وڵاتی فەرەنسا نیگەرانە لەو رۆڵەی توركیا لە هەرێمی ناگۆڕنۆ قەرەباغ دەیگێڕێت و داواشیكردووە، لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سەرپەرشتی ئاگربەستی قەرەباغ بكرێت.
ئیمانوێڵ ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا بە تەلەفۆن لەگەڵ ئیلهام عەلیڤ، سەرۆكی ئازەربیجان و نیكۆڵ باشینیان سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا گفتوگۆی كردووە و بۆ هەردوولایەن جەختیكردەوە كە پاریس، دەیەوێت كۆمەڵەی (مینسك) رۆڵێكی زیاتر بگێڕێت و چاودێری رەوشی ئاگربەستی نێوان هەردوولا بكات.
ماكرۆن روونیكردەوە، هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی سەرپەرشتی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریكردنی ئاگربەستی قەرەباغ بێتە ئاراوە و زەمینە خۆش بكرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و دەرچوونی چەكدارە بیانییەكان لەو ناوچەیەدا، بەتایبەتی ئەو چەكدارانەی لە سووریاوە هێنراونەتە ناوچەكە.
پرسی ناگۆڕنۆ قەرەباغ بووەتە یەكێك لەو پرسانەی كە لە نێوان ئەنقەرە و پاریس ناكۆكی لەسەرە و فەرەنسا بڕوای وایە ئەنقەرە لەپشت هەڵایسانی شەڕی قەرەباغە، چونكە پشتیوانی ئازەربیجان لە دژی ئەرمەنەكان دەكات.