لیزا فەلەکەدین کاکەیی: پرۆژەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران بۆ سەر بەغدا بانگەشەی هەندێک لایەنە
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا یەکێکە لە بەرنامە زەقەکانی بانگەشەی هەندێک لایەنی سیاسی کوردستانی و عێراقی کەوا جگە لە چەواشەکاری و هەوڵدان بۆ خۆ بەپاڵەوانکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتو هیچ واقیعییەتێکی دیکەی تێدا بەدی ناکرێت.
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا لەبارەی پڕۆژەی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەران بۆ سەر بەغدا رایگەیاندوە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق خەریکە نزیک دەبێتەوە و هەر بۆیەش تا دێت کێرڤی چەواشەکاری و بانگەشەی ناراستەوخۆ بەرزتر دەبێتەوە، پڕۆژەی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا یەکێکە لە بەرنامە زەقەکانی بانگەشەی هەندێک لایەنی سیاسی کوردستانی و عێراقی کەوا جگە لە چەواشەکاری و هەوڵدان بۆ خۆ بەپاڵەوانکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هیچ واقیعییەتێکی دیکەی تێدا بەدی ناکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، مامۆستایەکی ئازیز یاخود فەرمانبەرێکی ماندونەناس شایستەی ئەوە نیین بەساویلکە بزانرێن و بە دو ژاوە ژاوی سیاسی هەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنی هەست و بیرکردنەوەی بدرێت و بەکاربهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و کورسییەکی پەرلەمانی، لە هەموی سەیروسەمەرەتر کەسانێک کە خۆیان کردوەتە خاوەنی پرۆژەکە لە رابردو نەیانتوانیوە پابەندی سیاسەتی حزبەکەی خۆیان بن و بەبێ هیچ دو دڵییەک لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان بە چاوتروکاندنێک پشتیان لە حزبەکەی خۆیان کردووە.
لیزا فەلەکەدین کاکەیی باسی لەوەشکرد، لەهەموی کارەساتبارتر ئەو پرۆژەیە واژوی پەرلەمانتاری وای تیایە کە بە رەچەڵەک کوردە و پاسپۆرتی ئەمریکی هەیە کەچی بەرژەوەندییەکانی ئەوەنە زاڵبونەتە سەری فەرمان لە ئەنارشیزمەکانی بەغدا وەردەگرێت، بە ڕاستی ئەم جۆرانە ئیتر جێگەی بەزەیین.
ئەوەشی خستوەتەڕو، هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا لە هەوڵێکی جددان کە بگەنە میساقێکی سیاسی و ئابوری تاوەکو کۆتایی بە ململانێی حەوت ساڵەی نێوانیان بهێنن، بێگومان ئەمەش هەندێک لایەنی بەتەواوی پەست و قەڵس کردوە و بە پیلانرێژی و بەرنامە جۆراجۆر دەیانەوێت بەربەست لەبەردەم ئەو رێککەوتنانە دروست بکەن.
حکومەتی عێراق لە روی سیاسی و ئابوری و یاسییەوە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات
لیزا فەلەکەدین کاکەیی دەشڵێت، حکومەتی عێراق لە روی سیاسی و ئابوری و یاسییەوە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە دڵنیابن ئەو پڕۆژەیە تا بەردەگای هۆڵی کۆبونەوەی پەرلەمان دەچێت، بەڵام ناچێتە ژورە.
ئەوەشی نوسیوە، ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی خۆیان کردوەتە خاوەنی ئەم پرۆژەیە، چاکتر وایە سەرقاڵی پرسی گرنگتر بن، کە واقعی بێت و ئەنجامی هەبێت و لە بەرژەوەندی کوردستانیان بێت، بۆ نمونە پرسی هەمواری دەستور و هەوڵی شۆڤینییەکان بۆ لابردن و نەهێشتنی ماددەی 140، پێویستە دەستوبردێک بکەن و چۆن توانیان 117 واژوی پەرلەمانتارانی عێراق بۆ پرۆژەیەکی خەیاڵاوی کۆبکەنەوە یٔاواش لۆبی بۆ یٔەم پرسەش دروست بکەن.