به‌ ڤیدیۆ: گه‌نجێك گولـله‌ بارانكرا باوكی گه‌نجه‌ كوژراوه‌كه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌م ئاماده‌ نه‌بوو باج به‌ په‌كه‌كه‌ بدات  كوشتیان

 

 

په‌كه‌كه‌ له‌ ئێستادا چه‌ندین گرووپی چه‌كداری له‌ ده‌وری خۆی كۆكردۆته‌وه‌ و سه‌رجه‌م ئه‌و گرووپانه‌ش له‌ رێگای وه‌رگرتنی باج و سه‌رانه‌ له‌ هاووڵاتیانی جوتیار و كرێكار له‌ ناوچه‌ سنوریه‌كان ده‌ژیێنێت، له‌ ئێستادا به‌ هۆی قورسی گوزه‌رانی هاووڵاتیان له ناوچه‌ سنوریه‌كان كه‌متر ده‌توانن ئه‌و باجه‌ بده‌ن كه‌ په‌كه‌كه‌ به‌سه‌ریاندا سه‌پاندووه‌ بۆیه‌ په‌كه‌كه‌ بۆ چاو ترساندنی خه‌لكی ناوچه‌كه‌ گه‌نجێك له‌ سنوری هه‌ورامان ده‌كوژێت.

عیرفان ڕەهنموون، چالاکوانی سیاسیی کورد کە خۆی ماوەیەک لەو گوندە مامۆستا بووە، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) چۆنیەتیی ڕفاندنی سۆران ئەختەر سەمەری دانیشتووی گوندی (ڕوار)ی لە هەورامانی مەریوان گێڕاوەتەوە و نووسیویەتی: “پاش ئەوەی بەنداوی داریان لەسەر ڕووباری سیروان ھەڵبەسترا، بەھۆی سەرڕێژکردنی ئاوەوە، پردی نێوان گوندەکانی (ناو و نوێن) کەوتە ژێر ئاو و ئەوەش بووە دەرفەتێك بۆ لاوانی گوندەکانی (ڕووار، عەباس‌ئاوا، ئەسپەرێز و ھەجیج» کە لە ڕێگەی بەلەمەوە، خەڵک و شتومەک بگوازنەوە و بەو شێوەیەش، بژیویی ژیانیان و بنەماڵەکانیان دابین بکەن”.

 

عیرفان ڕەهنموون ڕوونی كردووەتەوە: “سۆران ئەختەر سەمەر، لاوێکی خێزاندار و خاوەنی منداڵێک و دانیشتووی گوندی ڕووار، یەکێ لەو خاوەن بەلەمانە بوو کە بژێوی خۆی و خێزانی دابین دەکرد وچەکدارەکانی پژاک کە بە ئاشکراو بەبێ ترس چەند ساڵە لەو ناوچەیە ماونەتەوە، جگە لە باجوەرگرتنی زۆرەملێ لە جووتیاران و ئاژەڵدارانی ئەو ناوچەیە، چاوی تەماحیشیان بڕیوەتە خاوەن بەلەمەکان و ھەموو مانگێ بە زۆر باجیان لێ دەستێنن و سۆرانیش وەک ھەموو خاوەن بەلەمەکان، ھەر جارە باجی زۆرەملێی پێ داون تا بتوانێ درێژە بە کارەکەی بدات”.

 

ئەو چالاکوانە سییاسییە نووسیویەتی: “چەکدارانی پژاک، ھەر جارێک ڕێژەی باجەکەی سۆران دەبەنە سەرەوە و پاش ئەم شەپۆلە گرانییەی کە بەھۆی گەمارۆکانی سەر ئێرانەوە، ڕۆژھەڵاتی کوردستانیشی گرتووەتەوە، سۆران بە چەکدارەکانی پژاک دەڵێت کە چیدی ناتوانم لە دەم و زاری بنەماڵەکەم بگرمەوە و باج بە ئێوە بدەم. ھەر بەو بۆنەیەوە، دەکەوێتە بەر تووڕەیی چەکدارەکانی پژاکەوە”.

 

عیرفان ڕەهنموون لە درێژەدا ئاشكرای كردووە: “شەوی ١ لەسەر ٢ی ٦ی ٢٠٢٠، چەکدارەکانی پژاک، لە نزیک ھەواری (ژۆنی)، ھاوڕێیەکی سۆران ڕادەگرن و پێی دەڵێن کە زەنگ بدە بۆ سۆران و پێی بڵێ کە پژاک پێویستییان بە پاتری (پیل) هەیە. ھاوڕێکەی پەیامەکەی پژاک بە سۆران دەگەیەنێت و سۆران کە لەم كاتەدا لە شاری مەریوان دەبێت و پاتریی پێویست دەکڕێ و بە ئۆتۆمبێەلەکەی خۆی بەرەو خاڵی پشکنینی پژاک لە نزیک ھەواری (ژۆنی) وەڕێ دەکەوێت، چەکدارەکانی پژاک، ناوبراو لە ترۆمبێلەکەی دێننە خوارەوە و ٤٠٠ مەترێ دوورتر پاش لێدان و ئەشکەنجەیەکی زۆر بە ٧ فیشەک گیانی لێ دەستێنن”.

 

ھەر چەند کە پژاک لە ڕاگەیەندروێکدا، نکۆڵی لەوە کردوە کە سۆران ئەختەر سەمەری کوشتبێ، بەڵام چالاكوانەكە جەخت دەكاتەوە كە “بۆم ڕوونبۆتەوە  بە دڵنییاییەوە ناوبراو بەدەستی چەکدارەکانی پژاک کوژراوە، چەند کەس لە خزم و ھاوڕێکانی ئەو لاوە ناکامە، پەیوەندییان پێوە کردم و ڕاستیی ڕووداوەکەیان بۆ گێڕاومەتەوە و بە ھۆیەوە کە خەڵکی ئەو ناوچەیە باش دەناسم و ماوەی ساڵێک لە گوندی ڕوواردا مامۆستای قوتابخانە بووم، ھیچ گومانێکم بۆ نەماوەتەوە کە ئەو کارە نامرۆڤانەیە لەلایەن چەکدارانی پژاکی بەستراوە بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، ئەنجام دراوە”.

 

ئەوەشی دركاندووە كە لە سەرەتای ڕووداوەكانەوە ڕژێمی ئێران ھەوڵی داوە گوشار بخاتە سەر بنەماڵەی سۆران تاوەكوو سكاڵای كەسی كە لە ئێراندا بە (شاکی خسووسی) ناسراوە تۆمار بكەن، بەو ئامانجەی دەستی تۆمەت ئاراستەی پژاك نەكرێت.

 

چاودێران پێیانوایە پەكەكە و پژاك  ساڵەهایە پەیوەندیی تایبەتیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و لەم چوارچێوەیەشدا باج لە خەڵكی كاسبكاری كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان وەردەگرن.

 

دوای ئەو کردەوەیەی چەکدارانی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) عیرفان ئەختەر سەمەر باوکی سۆران لە گرتە ڤیدیۆیەکدا بە شێوەزاری هەورامی دەڵێت کوڕەکەم لەگەڵ هیچ کەسێک کێشەی شەخیی نەبووە و هیچ دوژمنێکی نەبووە و تەنیا پژاک کوشتوویانە و ئەوان بەرپرسیارن.

 

Back to top button