دیاری حوسێن: پارتی کاتێك دەگەڕێتەوە کەرکووك بتوانێت ئاڵای کوردستان هەڵبکات

جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پارتی ئەوکاتە دەگەڕێتەوە کەرکووک، شارەکە لە داگیرکاری دەربچێت و بتوانین ئاڵای کوردستان بەرزبکەینەوە.

دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کەناڵی روداو رایگەیاندووە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکووك و ناوچەکانی دیکە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا هەیە و چاوەڕێ دەکەین کە بڕیاری چۆڵکردنی بارەگاکانی کەرکووک دەربچێت و بگەڕێینەوە کەرکووک، بەڵام تاوەکو ئێستاش بارەگاکان چۆڵنەکراون.

دیاری حوسێن ڕایدەگەیێنێت، مەرجەکانی پارتی بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکووك جێبەجێ نەکراون، ئێمە لەبەرئەوە کەرکووکمان جێهێشت کە داگیرکراوە و لە 16ی ئۆکتۆبەرەوە ئەوە روونە کە داگیرکراوە و ئێمە داوای ئەو ئازادییە دەکەین کە پێشتر لە شارەکەدا هەبووە. لەبەرئەوە ئەگەر رۆیشتمەوە دەبێت ئازادبم بۆ ئەوەی کێشەکانی کەرکووک لەگەڵ لایەنەکانی دیکە چارەسەر بکەین.

جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک – گەرمیانی پارتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوان ناگەڕێنەوە تاوەکو ئازاد نەبن و دەشڵێت، ئەگەر پارتی گەڕایەوە کەرکووک یانی کورد گەڕاوەتەوە کەرکووک، ئەوکات ناگوترێت کە پارتی گەڕاوەتەوە و دەگوترێت کورد گەڕاوەتەوە. ئاماژە بەوەش دەدات، یەکێتی چی بویستبایە جێبەجێی دەکرد، لەبەرئەوە هەر کادیرێک بگۆڕدرایە یەکێتی دەیکرد، بەڵام ئێستا هیچ لایەنێک ناتوانێت گۆڕانکاریی بکات، لەبەرئەوە پێشتر ئەو ئازادییەی هەبوو ئێستا نەماوە. دزیی و تاڵانیش لەنێو کەرکووک زیادیکردووە.

Back to top button