بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی كۆرۆنا وڵاتی ئه‌ڵمانیا 10 ملیۆن یۆرۆ ده‌به‌خشێته‌ عێراق

 

 

حکوومەتی ئەڵمانیا بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی زیاتر لە ھەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)، ١٠ ملیۆن یورۆی پێشکەش بە حکوومەتی عێراق کرد.

 

باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە کە دوێنێ یەکشەممە، بانکی پەرەپێدانی حکوومەتی ئەڵمانیای فیدراڵ و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، بە ھاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی عێراق، رێکەوتننامەیەکیان واژووکردووە.

 

ئاماژەی بەوەشداوە کە بەپێی رێککەوتننامەکە، حکوومەتی ئەڵمانیا، ١٠ ملیۆن یورۆ بۆ پاڵپشتیکردنی زیاتر  لە ھەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، پێشکەش بە حکوومەتی عێراق دەکات.

 

باس لەوەشکراوە کە ئەو پاڵپشتییە داراییە لەلایەن وەزارەتی هاوکاری ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیای فیدراڵ  پێشکەش بە حکوومەتی عێراق کراوە و ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە چوارچێوەی ئەو پاڵشتییە دارییەدا، پێنج نەخۆشخانە لە رۆژئاوا و رۆژھەڵاتی پارێزگای بەغدا بەغدا و پارێزگاکانی بەسرە، مووسڵ و سلێمانی بنیات دەنرێن.

 

ئاماژە بەوە دەکرێت کە لە میانی پێنج ساڵی رابردوودا، حکوومەتی ئەڵمانیا  ٣٠٠ ملیۆن یورۆی لەڕێگای بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان پێشکەش بە حکوومەتی عێراق کردووە.

Back to top button