وەڵامێک بۆ هەڵۆی برایم ئەحمەد

چاودێرێك

هەڵۆی برایم ئەحمەد لەوتارێکدا لەبارەی نەوت و داهاتی نەوت، پەلاماری جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات.

هەڵۆ لە پەیوەندی خۆی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی وەکو خاڵ و خوارزا ئازادە چۆن مامەڵە دەکات، بەڵام دەپرسین: هەڵۆ کێیە؟ چ پۆستێکی هەیە؟ چی بۆ ئەو وڵاتە کردووە؟ تا بەو شێوەیە گفتوگۆی سەرۆکی حکومەت یان جێگری سەرۆکی حکومەتی کوردستان بکات.

هەڵۆ ئەگەر کوڕی برایم ئەحمەد نەبێ ئەو ناوە نەدەبوو کە ئێستا هەیەتی، برایم ئەحمەدی باوکیشی لەکوردستان نازناوێك نیە کە شانازی بە ئەزموونەكەیەوە بکات، لەبەرئەوەی ئەندازیاری جیاوازی و دووبەرەكیی بزوتنەوەی سیاسیی کوردستان برایم ئەحمەد بووە، هەڵۆش لەو قوتابخانەیەدا گەورەبووە، بۆیە نەک هەر کارێکی بۆ ئەم وڵاتە نەکرد، بەڵکو مشەخۆرئاسا و شاهانە خۆی و شانازی خوشکی ژیاون، ئەو خزمەتچی و خزمەتکارە زۆرەشی کە هەیانە هەموو خەڵکی کوردستان دەزانێ لەکوێ و چۆنیان هێناوە.

سەبارەت بەپرسی نەوتەیشەوە، نەوت دۆسیەیەکە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سامانی ئەم وڵاتەیەو سامانی ئەم وڵاتەش سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی کوردستان و دام و دەزگای فەرمی هەڵیدەسوڕێنن، هەڵۆ برایم ئەحمەد و شانازی خوشکی و غەیری ئەوانیش چ کارەن تا لەسامانی ئەو وڵاتە ببپرسنەوە؟

ئەو ئەگەر گلەیی لە قوباد تاڵەبانی دەکات کە لە بەریتانیا خوێندوویەتی و لە ئەمریکا گەورەبووە و گوایە هیچ فێرنەبووە، پرسیاری ئێمەش بۆ هەڵۆ ئەوەیە:

-تۆ کێی؟ مادام تۆش لەبەریتانیا ژیاویت و لەئەوروپا لەناو لۆکەدا گەورەبوویت و لەژیانتدا ناخۆشیت نەبینیوە چیت بۆ ئەم وڵاتەکردووە؟

-ئەی پێمان ناڵێی بەحوکمی چ پۆستێکت لەسامانی ئەم وڵاتە دەپێچیەوە؟

سامانی ئەم وڵاتە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی کوردستان و دام و دەزگاو وەزارەتەکان بۆیان هەیە لێی بپێچنەوەو بەرپرسیشن لەبەرامبەر دام و دەزگا فەرمییەکانی ئەم وڵاتە، بۆیە هەمووکەس هەقی هەبێ لەسامانی ئەو وڵاتە ببپرسێتەوە، تۆ و شانازی خوشکت هەقتان نیە بپرسن، چونکە ئێوە کەسانێکی مافیان و لەسەر بیری مافیایی باوکتان دەژین.

ئەوەی کە هەڵۆ بەرامبەر بە سەرۆک بارزانی سەرۆکی کوردستان و بەرامبەر بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان گوتویەتی، دەرچوونە لە سنووری خۆی، ئەمەش ناماقوڵییەکە کە ئەگەر بیەوێت بیکات دەکرێ بڕوات لە “کوردستان پۆست” ئەوە بكات، ئەگەرنا بەهیچ شێوەیەک گومناویی هەڵۆی برایم ئەحمەد ڕێگە بەئەوە نادات، ئینجا مێژووی خێزانی برایم ئەحمەد کە لە نووسینەکەیدا هەڵۆ زۆر خۆی پێی هەڵدەكێشێت، مێژوویەکە تۆزقاڵێک شانازی تێدانیە، ئەگەر ڕێزگرتن نەبێ بۆ بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان، ئەوا بەهەڵۆ و بەمامۆستاکانیشی دەڵێن کە ئەو میژووە چ بەڵایەکی بۆ بزوتنەوەی سیاسی کوردستان و حکومەتی ئێستای کوردستان هێناوە، لەگەڵ ئەو پەڕی رێزمان بۆ قوباد تاڵەبانی و دایکی و بۆ هەموو ئەو تێکۆشەرانەی کە دەیانەوێ بە باشی لەم ولاتە ڕۆڵیان هەبێت.

Back to top button