رێباز حه‌ملان: ره‌وشی دارایی هه‌رێمی كوردستان، به‌ره‌و دۆخێكی باشتر هه‌نگاو ده‌نێت
دوای ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به هۆی بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و دابه‌زینی نرخی نه‌وت رووبه‌ڕووی قه‌یرانی دارایی و داوكه‌وتنی پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بوو، یاریده‌ده‌رێكی سه‌رۆكی حكومه‌تیش بۆ كارووباری دارای رایده‌گه‌یێنێت كه ره‌وشی دارایی هه‌رێمی كوردستان، به‌ره‌و دۆخێكی باشتر هه‌نگاو ده‌نێت.
رێباز حه‌ملان یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، به گشتیی ره‌وشی دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان، عێراق و جیهان به هۆی قه‌یرانی كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه ناجێگیره به‌ڵام له هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆماندا ده‌توانین بڵێین به‌راورد به چه‌ند مانگی رابردوو، كه به هۆی كه‌ره‌نتینه و راوه‌ستانی جموجووڵی بازرگانییه‌وه، داهات زۆر كه‌میكردبوو، ئێستا ره‌وشه‌كه باشتره و ده‌توانین بڵێین سه‌رچاوه‌كانی داهاتی ناوخۆیی بووژاونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاندووه كه به هۆی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی داهات، رێژه‌ی داهاتی ناوخۆ به‌رز ده‌بێته‌وه و كێشه‌ی به‌رچاویش ئه‌وه‌یه، قه‌باره‌ی خه‌رجی له هه‌رێمی كوردستان زۆر گه‌وره‌یه.
رێباز حه‌ملان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌و قه‌یرانانه‌ی دێنه ئاراوه، ره‌نگه له سه‌رووی پێشبینی و خه‌مڵاندنی حكومه‌ته‌وه بن، بۆ نموونه هه‌رێمی كوردستان خه‌رجی و سیستمی دابه‌شكردنی مووچه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای (320) ملیار دیناری عێراق رێكخستبوو، به‌ڵام له پڕدا ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌و پاره‌یه نانێرین، یاخود پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كانی نێوانمان نابن.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، رێباز حه‌ملان رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان پێویستی به بڕی 755 ملیۆن دۆلار هه‌یه بۆ دابینكردنی مووچه، نه له رێگه‌ی داهاتی ناوخۆیی و نه داهاتی نه‌وت به‌یه‌كه‌وه ناتوانرێت ئه‌و بڕه پاره‌یه به‌رده‌ست بخرێت، چونكه به هه‌ردووكیان نیوه‌ی ئه‌و داهاته‌یه.