یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە  

 

ئەمڕۆ 25 ی نۆڤەنبەر کە وەک رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توند و تیژی دژ بە ئافرەتان دیاری کراوە ، بۆتە هۆکاری ئەوەی ، یەکێتی ئافرەتای کوردستان پەیامی تایبەتی خۆی لەم رۆژە دا ئاراستەی هاووڵاتیانی کوردستان بکات

لە پەیامی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دا هاتووە

توندوتیژی دژ به‌ ئافره‌تان وه‌ك پرسێكی مرۆڤایه‌تی – كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی له‌ هه‌رسه‌رده‌مێكدا به‌ فۆرمێكی نوێ خۆی مانیفێست ده‌كات، ساڵانه‌ ئه‌و ئامار و داتایانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهان بڵاوده‌بنه‌وه‌ هۆكارێكن بۆ هه‌ڵوه‌سته‌كردنێكی جدییتر له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌. توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌تان پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ پرسی ئافره‌ت به‌خۆیه‌وه‌ گرتووه‌ و ساڵانه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌ میكانیزم و شێوازی تایبه‌ت هه‌وڵی كاڵكردنه‌وه‌ی ده‌درێت.

 

كێشه‌ی توندوتیژی له‌ پرسی ئافره‌تدا له‌ دیدی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان لێكه‌وته‌ی دوو ڕه‌هه‌نده‌:

 

یه‌كه‌میان: پێگه‌ و ڕۆڵی ئافره‌ت وه‌ك تاكێكی مرۆڤ له‌ ئۆرگانه‌ بچووك و گه‌وره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی. دووه‌میان: ئه‌و به‌ربه‌ست و ڕێگرییانه‌ی كه‌ له‌ژێر ناو و مۆركی جیاواز ده‌بنه‌ به‌ربه‌ستی ڕێگاكه‌ی و كێشه‌كانی توندوتیژی له‌ ئه‌نجامی ئه‌م به‌ریه‌ك كه‌وتنه‌وه‌ دروست ده‌بن.

 

ته‌واوی ئاماره‌كان ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن كه‌ زۆرترین ڕێژه‌ی توندوتیژی له‌چوارچێوه‌ی خێزان و به‌تایبه‌تی تر له‌ناو په‌یوه‌ندی هاوسه‌ران و دواتر په‌یوه‌ندییه‌ خێزانیه‌كانی تردان. بۆیه‌ وه‌ك یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان ته‌ركیزی سه‌ره‌كیمان له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌، سه‌رله‌نوێ پێناسه‌ی خێزان و په‌یوه‌ندییه‌كانی خێزانی  و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی و مافی ئه‌ندامانی خێزان ده‌بێت. خێزان له‌دیدی یه‌كێتی ئافره‌تان گرنگترین كۆڵه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌.‌ خێزان بنكه‌یه‌كه‌‌ بۆ پێگه‌یشتووی تاك، په‌ناگه‌یه‌ك بۆ ئارامی و ئامێزێكه‌ بۆ خۆشه‌ویستی ئه‌ندامانی. به‌م شێوه‌یه‌ و له‌سه‌ر ئه‌م دیده‌یه‌ ده‌بێ سه‌رله‌نوێ په‌یوه‌ندییه‌ خێزانیه‌كان پێناسه‌ بكرێن و جێگا به‌ توندوتیژی بگرن. هزرو نه‌ریتی چه‌وت و ناهاوسه‌نگه‌كانی ڕوانگه‌ی پیاوسالاری كه‌ شه‌رعییه‌ت له‌هزری سیسته‌می حوكمدار- و حوكم لێكراو- خاوه‌ندارێتی – موڵك بوون وه‌رده‌گرن ئیتر ناتوانن به‌رامبه‌ر هزر و نه‌ریتی هاوسه‌نگی مرۆڤسالاری كه‌ سه‌رچاوه‌ له‌ بنه‌ما و پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤ وه‌رده‌گرن؛ رابوه‌ستن و به‌كۆتایی دێن.

 

ئه‌مساڵ جیاوازتر له‌ ساڵانی رابردوو، جیهان به‌گشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌تایبه‌تی به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كه‌ره‌نتینه‌ كردنه‌وه به‌‌ ئه‌زمونێكی نوێی پێكه‌وه‌بوون و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیدا تێپه‌ڕی و وێنایه‌كی نوێی له‌ به‌ریه‌كه‌وتنی ئه‌ندامانی خێزانی بۆ خستینه‌ڕوو كه‌ ده‌بێته‌ ڕێ نیشانده‌ری هه‌نگاوه‌كانی داهاتوومان له‌ تێكۆشانمان بۆ پاراستنی خێزان و ده‌سته‌به‌ركردنی پێگه‌ و مافی ئافره‌ت له‌م چوارچێوه‌یه‌ له‌ هاوكێشه‌یه‌كی هاوسه‌نگانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی تر.

 

تێده‌كۆشین ساڵانی ئاینده‌ كاڵبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی توندوتیژی له‌ سیما هه‌ره‌ دیاره‌كان بێت و خێزانی كوردستانی له‌ هه‌موو توندوتیژییه‌ك به‌دوور بێ و پڕ له‌ ئامێزی خۆشه‌ویستی، ئارامی و هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی له‌نێوان ئه‌ندامانی بێت.

 

له‌ڕوویه‌كی تره‌وه‌ هه‌موو به‌رنامه‌ و هێزمان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و به‌تایبه‌ت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌دا چڕ ده‌كه‌ین كه‌ به‌شیاندنی پیشه‌یی و هزری و مه‌عریفی ئافره‌تانی كوردستان، به‌شدارییه‌كی هاوسه‌نگانه‌ و كارا له‌ ته‌واوی جومگه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ هاوشێوه‌ی پیاو مسۆگه‌ر بێت و هیچ بوارێك له‌سه‌ر بنه‌مای ژنبوون بۆ ئافره‌ت قه‌ده‌غه‌ و شه‌رم نه‌بێت. ئافره‌ت له‌بازاڕی كار و ته‌واوی شوێنه‌ گشتییه‌كان ئاماده‌یی و ڕۆڵی كارای خۆی هه‌بێت.

 

 

 

سڵاو له‌ رۆحی پاكی ئافره‌تانی ئازادیخواز و ڕچه‌شكێن

 

سڵاو له‌ ئازادیخواز و ڕچه‌شكێنانی ئه‌مڕۆ

 

به‌رز و شكۆداربێت مرۆڤسالاری

 

هه‌ردوو نیشتمان ئاوه‌دان: نیشتمانی دایك و نیشتمانی كوردستان

 

 

 

یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان

 

٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠

Back to top button