رووسیا پێداویستی عێراق له‌ڕووی چه‌كه‌وه‌ پڕده‌كه‌ینه‌وه‌

دوای ئه‌وه‌ی فوئاد حسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق سه‌ردانی وڵاتی رووسیای كردوو دوای كۆبوونه‌وه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌ناویدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، ئاشكرایكرد وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه‌ هه‌موو جۆره‌ پێداویستییه‌كی سه‌ربازیی عێراق له‌ڕووی به‌رهه‌می سه‌ربازیی رووسییه‌وه‌ دابین بكات. 

سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا  جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ رووسیا رۆڵی گرنگی له‌ پڕچه‌ككردنی سه‌ربازیی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و توانای به‌رگریی عێراقدا هه‌بووه‌ له‌كاتێكدا كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر له‌ ئارادا بووه‌ و سه‌رنجی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌یه‌وێت پێداویستیی عێراق له‌ڕووی چه‌كه‌وه‌ پڕبكاته‌وه‌.

راشیگه‌یاند: “ئاماده‌ین‌ هه‌موو جۆره‌ پێداویستییه‌كی سه‌ربازیی عێراق له‌ڕووی به‌رهه‌می سه‌ربازیی رووسییه‌وه‌ دابین بكه‌ین. وه‌زیری به‌رگریی عێراق (جومعه‌ عیناد) پلانی هه‌یه‌ سه‌ردانی رووسیا بكات. دڵنیام ئه‌و كاته‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ و به‌ بنه‌ما ده‌خرێنه‌ به‌رباس”.

وه‌زیری به‌رگریی رووسیا تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كۆمپانیا رووسییه‌كانی بواری وزه‌ به‌ بڕی زیاتر له‌ ١٣ ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنانیان له‌ عێراق كردووه‌ و هه‌ریه‌ك له‌ كۆمپاكانیاكانی لوكئۆیڵ، رۆزنه‌فت، گازپڕۆم و باشنه‌فت له‌ عێراق وه‌به‌رهێنانیان كردووه‌.

سێرگی لاڤرۆڤ باسی له‌وه‌كرد كه‌ له‌ پێناو له‌ناوبردنی پاشماوه‌كانی تیرۆریسته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌سه‌ر خاكی سووریا و عێراق، هاریكاریی چالاكانه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن و رایگه‌یاند: “ده‌مه‌وێت جه‌خت له‌ سه‌ركه‌وتوویی كاری ناوه‌ندی زانیاریی بكه‌مه‌وه‌ كه‌ له‌ پێناو هه‌ماهه‌نگییكردن له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر به‌ به‌شداریی هه‌ریه‌ك له‌ شاره‌زایانی سه‌ربازیی له‌ عێراق، رووسیا، سووریا و ئێران له‌ به‌غدا پێكهێنراوه‌”.

لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، فوئاد حسێن وێڕای ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه‌ كار له‌سه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌ی په‌یوه‌ست به‌ هاریكاریی دووقۆڵی نێوان رووسیا و عێراق له‌ ١٤ بواری جیاوازدا له‌ ساڵی ٢٠٢١دا، كراوه‌ و تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كان له‌ هه‌ریه‌ك له‌ بواره‌كانی په‌روه‌رده‌، گواستنه‌وه‌، ته‌ندروستی، نه‌وت-گاز و بازرگانییدا ده‌بن.

فوئاد حسێن باسی له‌وه‌شكرد تاوتوێی هاریكارییه‌ سه‌ربازیی-ته‌كنیكییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵاتیان كردووه‌ و رایگه‌یاند: “به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر باسێكی پرسه‌ سه‌ربازیی-ته‌كنیكییه‌كانیشمان كردبێت له‌ هه‌ندێك بواردا به‌ڵام ورده‌كارییه‌كان له‌ میانی سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری به‌رگریی عێراق بۆ رووسیا تاوتوێده‌كرێن”.

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ شانه‌ نووستووه‌كانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش هێشتا له‌ عێراق و سووریا ماون و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش له‌ پرسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا به‌رده‌وامن له‌ هاریكاریی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌دا.

Back to top button