راوێژکاری سەربازی خامەنەیی بەربژێرە بۆ سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران

لەگەڵ نزیک بوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران، ئەگەرچی تا ئێستا هیچ کەسایەتی سیاسی  و سەربازی خۆیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر نەکردووە بەڵام وەزیری پێشووی بەرگری ئێران و ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی ئێستای عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران خۆی وەک بەربژێر راگەیاند.

تەلەفزیۆنی بی بی سی فارس رایگەیاندووە حسین دەهقان وەزیری پێشووی بەرگری ئێران و ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی ئێستای عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران ڕایگەیاندووە “ئامادەکاری خۆم دەردەبڕم بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢١دا و دەستدەکەم بە جێبەجێکردنی گەشە و پەرەپێدان بە کەمترین تێچوون”.

هەروەها راشیگەیاندووە کە من ئەندامێکی نیشتیمانی و شۆڕشگێڕی هەموو توانایەکم هەیە لە ڕووی فیکری و ژیری و جێبەجێکردنەوە بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی سیستم و شۆڕش”.

هەروەها بەڵێنیشیدا بە دۆزینەوەی کەشێکی ئەرێنی بۆ لێکتێگەیشتن و کۆدەنگی و لێکتێگەیشتنی نیشتیمانی و کەشی گفتوگۆ لەگەڵ جیهان لەبەر ڕۆشنایی هێز و شکۆمەندییەوە.

چاودێرانی سیاسیش  پێیان وایە، دەهقان دامەزراوەی ڕابەری باڵای ئێرانی لە پشتە، بەڵام هەندێکی دیکە دەڵێن نزیکە لە هاشمی رەفسەنجانی سەرۆکی کۆچکردووی پێشووی ئێران و سەرۆکی ئێستای ئێران حەسەن ڕۆحانی ، ئەوەش بەو مانایە دێت کە باڵی موحافیزکارەکان پشتگیری ناکەن.

 

Back to top button