سەلاحەدین بەهائەدین: پەكەكە ئاوی كردە ژێر هەدەپە

خواكوڕك
دوای تێپەڕینی دووساڵ بەسەر قەیرانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان‌و پێشكەش كردنی چەندین دەستپێشخەری بۆ چارەسەر كردنی دۆخەكە دواهەمین دەست پێشخەری چارەسەری دۆخی سیاسی هەرێم لە ژێر فەرمایشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان, پارتی دیموكراتی كوردستان گەرێكی دیكەی دانوستانی دەستپێكردەوە, ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیش دەلێت:”نابێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پەڵپ لەیەكتر بگرین و دەبێت تەنازول بۆ یەكتر بكەین نەك بۆ بێگانە”. دەشڵێت “پاش داعش نەخشەی عێراق رەنگە دەستكاری بكرێت”.

سەلاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كە بەبۆنەی 23یەمین ساڵیادی راگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سازی كرد دەلێت: “23 ساڵ لەمەوبەر یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هاتە بوون و لەو كاتەوە تا ئەمڕۆ بەرنامە و نەهجێكی دیاریكراوی خۆی و ئامادەبوونێكی بەرچاوی لەهەموو دەڤەرەكان هەیە و بەرنامەیەكی میانڕەوی ئاشتیخوازی پەیڕەو كردووە و بە تاڵ و شیرینییەكانەوە لەگەڵ خەڵكی كوردستان بەردەوام بووە”.

ئەمینداری یەكگرتوو گوتیشی: “ئومێد دەكەین ئەو رۆڵ و چاوەڕوانییەی لێی دەكرێت بتوانیین بە ئەركی خۆمان هەڵبسین و لەگەڵ هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان و رۆشنبیران و خەمخۆرانی ئەم میللەتە دەست بدەینە دەستی یەكتر و قەیران و گرفتەكانمان چارەسەر بكەین و برینەكانمان چارەسەر بكەین و خۆمان بۆ پێشهات و تەحەدییاتەكان ئامادە بكەین”.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەلاحەدین بەهائەدین دەلێت: “شەڕی داعش بە پاڵەوانێتی و قارەمانێتی پێشمەرگە نەبەردەكان گەیشتە ئەوەی داعش و شەڕە سەپێنراوەكانی داعش بەشكستی داعش تەواو بوو و بە ئازایەتی و قارەمانێتی پێشمەرگە هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان دوورخرایەوە”.

هەروەها باسی لە خراپی پەیوەندیە ناوخۆیەكان كرد و گوتیشی: “ئەگەر مێژوو ستەمی لێكردبین، ئەگەر ستەمكارە كۆنەكان ستەمییان لێ كردووین، ئەگەر ئەم میللەتەمان لە سایكس بیكۆوە دابەشكراوە، ئەی خۆمان چی؟ ئەی هێزە سیاسییەكان و رۆشنبیرەكانمان بۆچی شەڕمانە و بەردەوام ناكۆكیین؟ ئەی بۆچی ئاشتی و ئاشتەوایی وەكو شتێكی خەیاڵی یان نادروست تەماشا دەكرێت”.
هەر پەیوەست بە دۆخی ناوخۆی هەرێم راشیگەیاند “دۆخی كوردستان هەڵناگرێت ئەم وەزعەی بەردەوام بێت، پێویستە لەم قۆناغە كە دوای پەیامەكەی كاك مەسعود كە تارادەیەك هێوری دروست بووە، هەقی خۆیەتی هێزە سیاسییەكان و سەركردە دڵسۆزەكان كە خەمەكە جددی بكەن و گفتوگۆ دەست پێ بكەنەوە و بیانوو لەیەكتر نەگرن و دۆخەكە بەرەو باشتر ببەن” ئەو دەستپێشخەرییە تاڕادەیەك ئاماژەی بە گرفتەكان كردووە، دەتوانیین بە دیالۆگ ئەو گرفتانە چارەسەر بكەین، میللەتی ئێمە باجی ناكۆكیی خۆمان داوە، مێژوو پێمان دەڵێت كە ئامادەیین دەستی بێگانە بگرین بۆ دژایەتی براكەی خۆمان، ئەمە فیتنە و بەڵایەكی گەورەیە، ئەمە بۆ لەناو كورددا نەریت بێت؟، بۆچی ئەو تەنازولەی بۆ بێگانەی دەیكەین بۆ خۆمان و براكانی خۆمان نەكەین؟”.

بەهائەدین رەخنەی ئەوەشی گرت كە لایەنە سیاسییەكان ئامادەن دەستی بێگانە بگرن، بەڵام تەنازول بۆ یەكتر ناكەن، ئەو روونی كردەوە ” بە دیالۆگ دەتوانیین بگەین بە چارەسەر، دەتوانیین بگەین بە كاراكردنەوەی پەرلەمان و حكوومەت و بەگەڕخستنەوەی دامودەزگاكان و مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێم قسەی جددی لەسەر بكرێت، ئەو پیاوە خۆی عەرزێكی كردووە، ئەگەر بۆمان كرا و رەخسا كەسی گونجاو یان كەسی شیاو بوو خۆی رێگەی داوە، ئێستا خۆی ئەو قسانەی تەرح كردووە، بۆیە بە گفتوگۆ و لەسەر مێزی گفتوگۆ زۆر لەمەسەكان چارەسەر دەبن و بە تێپەڕبوونی كات ئەوانی تریش كە كەمن چارەسەر دەبن”.
.
لە وەڵامی پرسیارێك كە پەیوەست بوو بە باكوری كوردستان و پەكەكە ئەمینداری یەكگرتوو گوتی” پەكەكە لەگەڵ رێزم بۆ خەبات و ماندووبونییان ئاوی خستە ژێر هەدەپەش، من بە سەڵاحەدین دەمیرتاشم گوت كە هاتە ئێرە و لە ئەنقەرەش كە چوومە لای پێمگوت كە سوود لە ئەزموونی خەباتی ئێمە ببینن، ماندووبوونی چەكداری ئەگەر ئەنجامی نەبێت بەخراپە دەشكێتەوە، ئێستا ئەتوانن لە پەكەكە جیا ببنەوە، ئێوە لەپەرلەمانن كە ئامادەبوونی كورد لە پەرلەمانی توركیا ئاواتی چەندین ساڵە و حەفتا هەشتا شارەوانی توركیاتان بەدەستەوەیە و مەهێڵن ئەو دەستكەوتانە لەكیستان بچێت”.

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی لەبارەی پرسی سەربەخۆیی كوردستان گوتی: “سەربەخۆیی شتێكی مەبدەئییە لەلای ئێمە، رۆژێك زووتر مەسەلەی سەربەخۆیی بەدی بێت شتێكی باشە، ئەوە مافی چارەی خۆنووسینە و شتێكی ئاساییە، بەڵام یەك نەكەوتن و یەك قسەیی نەبوونی خەڵكی سیاسی كوردستان كێشەیە لەمبارەیەوە، دەبێت پێكەوە تەگبیر بكەین، ئەگەر نەیكەین ئەوا گرێ بۆ ئەو مەسەلەیە دروست دەبێت و خەڵكیش ئامادە نییە مامەڵە لەگەڵ شتی لەتكراو بكات، بۆیە دەبێت یەك چاو و یەك قسەبین بۆ سەربەخۆیی و بۆ قۆناغی دوای داعش، چونكە دوای داعش سوننە لێقەوماو و گرفتارن لە ناوچەی خۆیان، شیعە كێشەی خۆی هەیە، كورد كێشەی خۆی هەیە، رەنگە عێراق لەدوای داعش بەشێوازێكی تر مامەڵە لەگەڵ یەكپارچەیی خۆی بكات، چونكە باسی بەهەرێمكردنی ناوچەكانی سوننەش هەیە، پاش داعش نەخشەی عێراق رەنگە بە لێكتێگەیشتندەستكاری بكرێت”.

Back to top button