قاچاغ لە سنوورەکانی باشماخ و پەرویزخان بۆتە هۆی مایەپووچ بوونی خاوەنی هەزار حەوزی ماسی ، ناوی قاچاغچییەکانیش ئاشکرا کراوە
بە یاسای مافیای حزبی و دوور لە یاسای هەرێمی ، لە دەروازەی سنووری پەرویزخان کە سێک بە ناوی مامۆستا عەبدولڕەحمان و لە دەروازەی سنووری باشماخیش دوو کەس بە ناوەکانی وەرزێڕ و جەبار ، بە ئاشکرا ، ماسی لە ئێرانەوە داخڵ دەکەن و بوونەتە هۆی مایەپووچی داهاتی ناوخۆیی و خاوەن حەوزی ماسی لە هەرێمی کوردستان
عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە پۆستێکی فەیسبووکی دا ئاماژە بەوە دەکات قاچاغچێتی لە دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و پەرویزخان بۆتە هۆی مایە پووچ بوونی خاوەن پرۆژەکانی حەوزی ماسی لە هەرێمی کوردستان و بێکار کردنی زیاتر لە هەزار گەنجی ئەو وڵاتە .
لە بەشێک لە پۆستەکەیدا ئاماژە بەوە کراوە هەر كۆنتێنەرێك ماسی بە 2500 دۆلار لە ئێرانەوە دەهێندرێتە نێو هەرێمی كوردستانەوە، “لە پەروێزخان مامۆستا عەبدولڕەحمان داخڵی دەكات، لە باشماخیش دوو كەس بە ناوەكانی وەرزێر و جەبار”.
هاوکات باس لە مایەپووچی هاووڵاتییەک دەکات لە کەلار کە خاوەنی حەوزی ماسییە و بە هۆی ئەو قاچاغییەوە 60 ملیۆن دیناری زەرد کردووە ، بۆیەش دەپرسێت “ویژدان و ئەخلاقتان چۆن ڕێگا بەوە دەدات لەبەر بڕێک پارەی حەرامی کەم کە ھیچ لە سەرمایەی ئێوە ناگۆڕێت، سامانی ماسی لەناوببەن”.