ئەگەر هەیە پارتی لە پرۆسەی سیاسی عێراق بكشێتەوە
دوای تێپەراندنی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق بەبێ گەرانەوە بۆ تەوافق پارتی دیموكراتی كوردستان دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراقی بایكۆت كردووە، چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە لەناو پارتی دەنگێك هەیە كە بەتەواوی پرۆسەی سیاسی عێراق بایكۆت بكات و بكشێتەوە”.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە دوای كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی كوردستان گوتاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەتەواوی نیشانی دا كە پارتی ئەو شكاندنەی تەوافق لە بەغدا پێ قبوڵ ناكرێت ئەگەر دۆخەكە راست نەكرێتەوە ئەوە بەتەواوی پاشەكشە لە بەغدا دەكات”.
هەروەها چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، شكاندنی تەوافق كۆتایی هێنانە بە پرۆسەی سیاسی لەعێراق و بوونی پارتی لە بەغدا تەنها رەوایەتی دانە بە مەركەزیەت و پاشكۆبوون، ئەوەش لە ستراتیژیەتی پارتی دا جێگای نابێت، بۆیە ئەگەر راست نەكرێتەوە، ئەوە بێ شك پارتی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بایكۆت دەكات”.
هەر بەگوێرەی زانیاریەكان بەغدا لەرێگای چەند حزبێكی كورد دەیەوێت فشارەكانی لەسەر پارتی زیاتر بكات بۆئەوەی بێ راستكردنەوەی شكاندنی تەوافقی سیاسی پارتی ناچار بكەن بگەرێتەوە، بەڵام بەگوێرەی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی پارتی ئامادە نیە بێ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیەی لەیاسای قەرز كراوە بگەرێتەوە بۆ پەرلەمانی عێراق و ئەگەری هەیە بەتەواوی لە پرۆسەی سیاسی عێراق بكشێتەوە”.