کوردستان و شۆڤێنیزم و…
عەلی عەونی
زۆر جار لهسەر زاری هەندێک کوردی زمان، گوێبیستی ئەوە دەبین کە ناسیۆنالیزم و نەتەوە خوازی کوردستانیان، فاشیزم و رەگەز پەرستی یە ئەم تاوانەش زیاتر لەلایهن ئەو کەسانەوە دەدرێتە پاڵ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و هێڵی ناسیۆنالیستی کوردستان، کە یان یەک دوو پەرتووکی کرچ و کاڵیان لە نووسەرە ناپێگەیشتووکان خوێندووە و یاخود ئەگەر زۆر بەدوایاندا بچین یان دەگەینە سەرەداوی چەپ و کۆمۆنیزم لە کوردستان و یاخود لایەنگرانی ئوممەتی ئیسلامی لەناو حیزبە ئیسلامیەکاندا.
سەرەداویکی دیکەی دژایەتی بزاڤی نەتەوەیی کوردستان دەگەڕێتەوە لای بەناو کوردانی خۆفرۆش لەناو دامودەزگای حکومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان. ئەم جۆرە کەسانەی دژی هزری نەتەوەیی کوردستانی کە زۆربەی کات لەسەر حسابی رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان تایتلی ماستەر و دکتۆرا و شارەزا و پسپۆڕیش پێیانەوە لکاوە، پێیان دەگوترێت جاش رۆشنبیر. ئەم جۆرەی دوایی لە دژبەرانی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان قێزەونترین جۆری مرۆڤن و شایانی دڵسۆزی و دلۆڤانی پێکردنن!!
بەکارهێنانی دەستەواژەی فاشیست و شۆڤێنیست و رەگەز پەرستی بۆ نەتەوە پەروەرەکانی کوردستانی و بۆ بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان بەکارهێنانێکی ورد نییە و بگرە ستەمکارانەشە. نەتەوەیەک کە تا سەر ئێسقان داگیرکراو و رەفتاری کۆیلەی لەگەڵ دەکریت و خۆی هێشتا لەژێر دەستە، هەرگیز راست نییە پێێ بگوترێت رەگەز پەرست و توندرەو. ئەمە بزاوت و جوڵەی خەڵکی بندەستە بۆ رزگار بوون. خەڵکی بالا دەست و نەتەوەی زاڵ کە لێناگەڕێت گەلی ژێر دەستەی جیاواز لە خۆی، بوونی هەبێت دەکرێت بە فاسیست و راسیست ناوی ببردرێت . نەتەوەی بالا دەستی وەک فارس و تورک و عەرەب رەگەز پەرستن. چونکە وڵاتی ئێمەیان داگیرکردووە و بوون و زمان و تایبەتمەندی ئێمەیان تێکداوە و قەدەغە کردووە. بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان کە تێدەکۆشێت بۆ ئازادی و رزگاری هەموو کوردستانیان بە هەموو ئول و ئایین و نەتەوەکانەوە بزاڤێکی مرۆڤ مەدار و هومانیستی یە چەندە دروشمەکانیشی توند بن. بەڵام ئەگەر دوای رزگاری کوردستان، هزری نەتەوەیی و دەوڵەتی کوردستان بووە بیانوو بۆ ستەم کردن لە نەتەوەی ئاشوری و تورکمان و کلدان و ئەرمەن و یاخود ئازاردانی باوەڕدارانی سەر بە ئول و ئایینەکانی ئێزدی و کاکەیی و مەسیحی و شیعە و سوننە و….تاد، ئەو کاتە دەکرێت سیفەتی ستەمکار و فاشیست و قەومچی و هەرچی تایبەتمەندی نەتەوەیی عەرەب و فارس و تورک هەیە بدرێتە پاڵ گەلی کوردستان. من پیم وایە کەم و کوڕییەک کە ئێستا لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا هەیە، ئەوەیە کە بزاوێک یاخود هێڵێک لەناو کوردستاندا نییە کە شۆڤێنیانە و نیشتیمان پەرستانە تاکەکانی کوردستان پەروەردە بکات.
ئەوانەی ناسیۆنالیزمی کوردستان تاوانبار دەکەن و خراپی دەبینن و باس لە چەمکەکانی هومانیسم و دیموکراسی و برایەتی گەلان و هاودینی موسڵمانان و..تاد دەکەن. ئەم بابەتانەیان لە ئەدەبیاتی گەلانی سەردەست و داگیرکەر وەرگرتووە . گرفت و نەساخی، ئەم هزرە نامۆیانەن کە لە بنەڕەتدا هەڵقوڵاوی ناخی جڤاکی کوردستان نین.
چەمکی ناسیۆنالیزم خۆی خۆشویستنی نیشتیمانە، خۆشویستنی مرۆڤەکانە، ناسیۆنالیزمی ئێمە بۆ راکێشان و بەشداریپێکردنی تاکەکانی کۆمەڵگایە لەناو تێکۆشانی رزگاریخوازی و دواتر ئاوەدانی کوردستانی دزراو لەلایەن داگیرکەران و بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی و خۆشگوزەرانی گەلی کوردستانە، شۆڤێنیزم ستەمکارییە، جارێ ئیمە خۆمان ستەملێکراوین. دەبێت نیمچە خوێندەوارەکانی کوردستان لە بیری نەکەن، هاتنی هزری چەپ و ئیسلامی و دیموکراسی و هومانیزم و…تاد دەرکەوتەی نوێ و کراسی نوێی هزری داگیرکەری تورک و فارس و عەرەبە. جارێ پێویستە گەلی کوردستان و خاکەکەی رزگار بکرێت، ئینجا لەناو خۆماندا کار بکەین لەسەر چەسپاندنی یەکیک لەم رێبازانە. ئەوانەی پێیان وایە مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی نەماوە نازانن کە رزگاری کوردستان تەنیا بۆ نەتەوەی کورد نییە و نەتەوە گەلی دیکەش لە کوردستان لەگەل کورد رزگار دەبن. دەوڵەتی ئایندەی کوردستان دەوڵەتی نەتەوەیەک بە تەنیا نابێت بەڵکوو هی گەلانی ناو کوردستانە.