به‌ ڤیدیۆ: له‌ عێراق كێلگه‌یه‌كی نه‌وت مووشه‌ك بارانكرا و ئاگری گرت

سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی رایگەیاند، بەھۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێکەوە، ئاگر لە پاڵاوگەیەکی نەوت لە باکووری پارێزگای سەڵاحەددین باکووری عێراق کەوتووەتەوە.
لەوبارەیەوە ئەفسەر لە پۆلیسی سەڵاحەددین، ملازمی یەک نەجم عوبێدی، بە ئاژانسی ئانادۆلی راگەیاندووه‌، مووشەکێک کە لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە ئاڕاستەکراوە، لە پاڵاوگەیەکی نەوت لە باکووری پارێزگای سەڵاحەددین کەوتووەتە خوارەوە.
نەجم عوبێدی ئاماژەی بەوەیشداوە کە بەھۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکەوە، ئاگر لە یەکێک لە عەمبارەکانی سووتەمەنی ناو پاڵاوگەکە کەوتووەتەوە، بەڵام ھیچ زیانی گیانی به‌دواوه‌ نه‌بووه‌.

هاوكات سەرچاوەیەكی نێو كۆمپانیای نەوتی باكوور، رایگه‌یاندووه‌: “كاتژمێر شەشی ئێوارە، مووشەكێك ئاراستەی بۆری نەوتی سینییەی سەر بە پاڵاوگەی نەوتی بێجی له‌ پارێزگای سەڵاحەدین كراوە”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كه‌دا بۆرییه‌كه‌ تەقیوەتەوە و گڕی ئاگرەكە گەیشتووه‌تە نێو عەمباره‌كانی پاڵاوگه‌ی نەوتی بێجی و لە ئێستادا عەمبارەكە گڕی گرتووه‌.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد، تیمەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەكه‌ و لەهەوڵی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌دان.

 

Back to top button