به‌همه‌ن كاك عه‌بدوڵا: ئه‌وانه‌ی به‌رپرسارێتی دۆخه‌كه‌ ته‌نها ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی پارتی دوو جارغه‌در له‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌ن جارێك مووچه‌یان پێناده‌ن و جارێكیش موزایده‌یان پێوه‌ده‌كه‌ن  

دواى تێپه‌ڕینی نزیكه‌ی سێ هه‌فته‌ به‌سه‌ر واده‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان به‌ هۆی نه‌ناردنی به‌شه‌ بودجه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ تا ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم نه‌یتوانیوه‌ مووچه‌ دابه‌ش بكات و په‌رله‌مانتارێكیش رایده‌گه‌یێنێت كه‌:  هه‌موومان كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم زو‌ڵمیان ده‌رهه‌ق ده‌كرێت ، به‌ڵام ده‌بێ بزانیین كێ ئه‌و زوڵمه‌یان لێ ده‌كات.

 

بەهمەن کاک عەبدولڵا  په‌رله‌مانتاری كوردستان ‌له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان  رایگەیاندووه‌: هه‌ر كاتێك هه‌رێمی كوردستان دووچاری قه‌یرانێك ده‌بێت هه‌مووان له‌ به‌رپرسیاریه‌تی راده‌كه‌ن و هه‌موو به‌رپرسیاریه‌تییه‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی ته‌نها حزبێك كه‌ ئه‌ویش پارتییه‌، بەوەش دووجار غه‌در له‌ فه‌رمانبه‌ر ده‌كرێت جارێك خۆی گیرفانی به‌تاڵه‌ و تۆش دێیت موزایه‌ده‌ له‌سه‌ر گیرفانی به‌تاڵی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ ده‌كه‌یت.

 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی راشیگه‌یاندووه‌‌ كه‌ كێشه‌ی ئێمه‌و به‌غدا ته‌نها مووچه‌ نیه‌ ، به‌ڵكو ده‌ستوور له‌ عێراق جێبه‌جێ ناكرێت ، شه‌راكه‌ت نه‌ماوه‌ ته‌وافوق نه‌ماوه‌ له‌ هیچ دونیایه‌ك نیه‌ دوو حكومه‌ت رێككه‌وتن بكات ، په‌رله‌مان بێت یاسایه‌ك دژ به‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌ربكات .

 

هه‌روه‌ها به‌همه‌ن كاك عه‌بدولڵا ده‌شڵێت: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و كابینه‌یه‌  له‌ گه‌ڵ دروستبوونی ئاماده‌یی ته‌واوی خۆی نیشانداوه‌ بۆ رێككه‌وتن له‌ گه‌ڵ به‌غدا و له‌گه‌ڵ هاتنی كازمی بۆ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی عێراق 18 جار شاندی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدای كردووه، ئاماژه‌ی بەوەشدا كه‌ هه‌ر خۆی كازمی له‌ دوا دیداری له‌گه‌ڵ دكتۆر به‌شیر حه‌داد رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و 320 ملیار دیناره‌ی ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت زۆر له‌ مافی هه‌رێمی كوردستان كه‌متره‌.

 

 

Back to top button