حكوومەتی عێراق مووچەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەنداوەكانیشی نەناردووە كە پێشتر خرابووە سەر بەغدا

دوایی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٦ لە سەردەمی حكوومەتەكەی حەیدەر عەبادییەوە، مووچەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداوەكانی سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خراوەتە سەر بەغدا، بەڵام بەبێ هۆكارێكی زانراو، لەگەڵ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، حكوومەتی عێراق مووچەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەشی ڕاگرتووە.

ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان ڕایگەیاندووە: فەرمانبەرانی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان مووچەیان لەسەر بەغدایه، كەچی دوو مانگە مووچەکانیان لە بەغداوە نەنێردراوە، نازانین هۆکارەکەی چییە.

ئەکرەم ئەحمەد زیاتر دەڵێ، مووچەی مانگەكانی 10 و 11ی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكەی نەدراوە كە ژمارەمان نزیكەی 400 كەسە، لە كاتێكدا هاوتاكانیان لە بەغدا پێیان دراوە، لەمبارەیەشەوە لەگەڵ حكوومەتی عێراق لەسەر هێڵن، بەڵام ”نازانین كەی چارەسەری دەكەین“.

روونیشی کردەوە، كە کێشەکە لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ مووچەی ئەو فەرمانبەرانە دروستکراوە.

Back to top button