عەلی حسێن : بەغدا نیەتی نییە كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە پێی دەستوور چارەسەر بكات
بەرپرسی پەیوەندیە کوردستانی و عێراقیەکانی پارتی لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاند، “عێراق دوای 2003 عێراقی شەراكەت و پێكەوە ژیانە، بەپێی دەستوور هەرێمی كوردستان ئەرك و مافی دیاریكراوە ، لەماوەی رابردوو زۆر هەورزازو نشێومان بینیوە”.
عەلی حوسێن زیاتر دەڵێ، “هەوڵشیمانداوە لە رووخانی رژێمی بەعس، بۆ ئەوەی عێراق عێراقێكی دیموكراسی بێت، كورد و عەرەب و تەواوی پێكهاتەكان لە ژێر چەتری دەستوورێكدا بحەسێنەوە، هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور مافی خۆی هەیە ، تا ئێستاش ئەو مافە بە هەرێمی كوردستان نەدراوە”.
بەرپرسی پەیوەندیەکانی پارتی ئەوەشی ئاشکراکردووە، لەساڵی 2007 ـەوە رێكەوتنمان كردەوە بۆ ئەوەی یاسای نەوت و غاز وەك ئەوەی هاتووە جێبەجێبكرێت لە عێراق، ئەو یاسایەش نێردراوە بۆ پەرلەمانی عێراق، كێشەی ئێمە سیاسییە زۆر لە پرسی مووچە گەورەترە فشارێكی سیاسیمان لە سەرە بۆ ئەوەی شكستی خۆیان پێ بشارنەوە ، هەروەها چاویان بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان هەڵنایە”.
عەلی حوسێن لەبارەی دەستوور گوتیشی، “بەغدا نیەتی نییە كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە پێی دەستوور چارەسەر بكات”.
عەلی حوسێن هەروەها لەبارەی بەشێك لەپەرلەمانتارەكان راگەیاندووە، ئەو بەشەی پەرلەمانتارانەی كورد بەشێكن لە دژایەتی كردنی هەرێمی كوردستان دەتوانیین بە خائین ناویان ببەیەن، ئەوانە بە كرێگیراون”.
زیاتر دەڵێ، “شاندی هەرێم تەعبیر لە خواستی تەواوی خەڵكی هەڕێمی كوردستان دهكات، تا ئێستاش هیچ گرفتێك لەم رووەوە هەستی پێنەكراوە، بۆیە زۆر جار گرفت هەیە لە نێوان پارتە سیاسییەكان، بەڵام تێگەیشتنی باش هەبووە، بە یەك ئاراستە هەنگاو دەنێین”.
لەکۆتایی قسەکانیدا ئەوەشی ئاشکراکرد، “بابەتی مووچە بە دوو ئیدارەیی چارەسەر نابێت بە ڵكو بە یەك ئیدارەو بە یەك ئیرادە چارەسەر دەبێت”.