یەكێتی متمانەی بەگۆڕان نیە
خواكوڕك
ئەمرۆ 6ی 2ی 2017 لە سلێمانی ئاڵوگۆڕی پۆستی قایمقامی سلێمانی كرا، بەڵام ئەمرۆ بەرپرسێكی یەكێتی دەلێت هۆكاری رادەستنەكردنی پۆستی قایمقامی هەڵەبجە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی كە تاوەكو ئێستا گۆڕان پۆستی پارێزگای هەڵەبجەی رادەستی یەكێتی نەكردووە ”
ئەمە لەكاتێكدایە رێكەوتنی یەكێتی و گۆڕان بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەكان هەبووە، لە سلێمانی گۆڕان و یەكێتی پۆستی پارێزگای سلێمانی و قایمقامیان ئاڵگور كردووە، بەڵام لەبارەی پۆستی پارێزگای هەڵەبجە و قایمقامی ئەو شارە ئەحمەد قەدەفەر لێپرسراوی مەلبەندی 9ی یەكێتی لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاندووە، هۆكاری رادەست نەكردنی قایمقامی هەڵەبجە بە گۆڕان بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە تاوەكو ئێستا گۆڕان پۆستی پارێزگای هەڵەبجەی رادەستی یەكێتی نەكردووە و دەلێت تاوەكو ئێستا عەلی عوسمان کە لە پشكی یەكێتی ماوەیەكی زۆرە پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە پێدراوە، ناتوانێ كارەكانی خۆی وەك پارێزگاری هەڵەبجە بكات، چونكە عەبدوڵڵا نەوڕۆڵی لە بزووتنەوەی گۆڕان، بە فەرمی هەر پارێزگاری هەڵەبجەیە”.
هەورەها ئەو بەرپرسەی یەكێتی دەشلێت، لە وەزارەتی ناوخۆ نووسراوەكانی عەلی عوسمان وەك پارێزگاری هەڵەبجە كاری پێناكرێت، چونكە عەبدوڵڵا نەوڕۆڵی نە دەستی لەكاركێشاوەتەوە نە وەك د.ئاسۆ فەریدوونیش مۆڵەتی وەرگرتووە، هەتا ئۆتۆمبێلەكانیشی لەگەڵ خۆی بردەوە و نەیگەڕاندووەتەوە، بەڵام لەناو بینای پارێزگا دەوام ناكات، بۆیە تاوەکو ئەوە یەكلایی نەبێتەوە ئێمە پۆستی قایمقامی هەڵەبجە نادەینە بزووتنەوەی گۆڕان”.
ئەمە لەكاتێكدایە كە گۆڕان پێشتر لە رێگای چەند هەڵسوراوێكەوە هەڵوێستی تووندی خۆیان لەسەر جێبەجێ نەكردنی رێكەوتنی یەكێتی و گۆڕان لە سنوری پارێزگای سلێمانی راگەیاند، بەڵام لەئێستادا یەكێتی دەلێت گۆڕان تاوەكو ئێستا پۆستی پارێزگای هەڵەبجەی رادەستی یەكێتی نەكردووە، ئەمەش بۆتە هۆكاری بێ متمانەی نێوان ئەو دوو حزبە لەئەگەری ئاڵوگۆڕی پۆستەكان و جێبەجێ كردنی رێكەوتنە سیاسیەكەی نێوان گۆڕان و یەكێتی”.