ئومێد خۆشناو : لە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان شاندی دانووستانکاری حکومەت روونکردنەوەی تەواو دەداتە پەرلەمان

 

ئۆمێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات لە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەماندا شاندی دانووستانکاری حکومەت لە گەڵ بەغدا لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا بەشداری دەکەن و روونکردنەوەی تەواو لەبارەی مووچە دەدەنە پەرلەمان .

خۆشناو لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمبارەوە گوتی : “کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی پەرلەمان چاوەڕوانکراو بوو، چونکە ئێمە پێشتر بڕیارمان دابوو ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمان تایبەت بە مووچە بکەین و نوێنەرانی حکوومەت بێنە پەرلەمان و ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەنەوە کە چۆن ھەڵسوکەوت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بەداخەوە لەبری ئەوەی ھەڵوێستی نیشتمانیمان ھەبێت بەرامبەر بەغدا چەند پەرلەمانتارێک سێ سەعات تەشەنوجاتیان لەناو پەرلەمان دروست کرد و بە تەپڵلێدان دەستیان بە سێلفیگرتن کرد”.

سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی ئێمە لە گەڵ هەوڵوێستی خەڵکی کوردستانین و کۆبوونەوە بۆ پرسی مووچە بە موزایەدە ناکەیین و کۆبوونەوەی داهاتوو تایبەت بە مووچە دەبێت

هاوکات ئاشکراشی دەکات داوا کراوە “کۆبوونەوەی داھاتوو شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە سەردانی بەغدایان کردووە کە پێشوەچوونی ھەبووە بە فایلی دەوڵەمەند بێنە پەرلەمان و باسی مووچە بکرێت کە لە بەغدا چ عەقڵیەتێک ھەیە، بۆیە کۆبوونەوەی داھاتوو بە ئامادەبوونی حکوومەت دەکرێت”.

لە کۆتاییدا وێڕای سوپاسی خەڵکی کوردستان دەڵێت ئیمە داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکەیین بە داواکاری فەرمی داوای روونکردنەوە لە حکومەتی عێراق بکات بەکام یاسا بەم جۆرە قووتی خەڵکی کوردستان دەکەنە کارتی سیاسی ، داواش لە ئۆپۆزیسیۆن دەکەیین واز لە تەپڵچێتی بینن

Back to top button