ترەمپ پرچەك كردنی پەیەگەی راگرت
خواكوڕك
رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا بریارێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرا دەكات كە راگرتنی بریارێكی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بارك ئۆباما بوو بە پرچەككردنی هێزەكانی سوریایی دیموكراتی و یەپەگە”.
رۆژنامەكە ئەمەشی ئاشكرا كردووە، پلانەكە كە لە بنەڕەتدا بۆ دەرهێنانی رەققە بووە لە بندەستی چەكدارانی داعش، لە ئاكامی زیاتر لە حەوت مانگ دانیشتن، گفتوگۆ و دیبەیتی درێژ لە نێوان ئۆباما و تیمەكانی ئاسایشی نیشتمانی ئامادە كرابوو، بەڵام هەر درێژبوونەوەی ماوەی ئامادەكردنی پلانەكە وایكرد ئیدارەی ئۆباما نەتوانێ پلانەكە وەك ئەوەی هەیە جێبەجێ بكات. بە گوێرەی راپۆرتەكە، ئیدارەی ئۆباما هەستیان نەدەكرد بژارێكی باشیان لەبەردەست مابێت، بەڵام راوێژكارانی سیاسەتی دەرەوەی كۆشكی سپی گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی پڕچەككردنی هێزە كوردییەكان دەتوانێ رێگەیەك بێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانی سووریا.
رۆژنامەكە ئەوشی ئاشكرا كردووە كە تیمی ئاسایشی ئیداری نوێی ئەمریكا جیاوازیەكی زۆریان لەگەڵ تیمی ئیداری كۆنی ئەمریكا هەیە بۆیە یەكێك لە گەورە بەرپرسانی كۆشكی سپی رایگەیاندووە، كە ئەوان (واتە تیمی ئۆباما) زانیارییەكانیان خستە بەردەستمان، بەڵام ئێمە كەلێنی گەورەمان تێدا بەدی كرد. پلانەكە لاوازە”
راپۆرتەكەی (پۆست) ئاشكراشی دەكات رۆژی 10ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ راوێژكارە سەرەكییەكانی ئۆباما و بەرپرسانی سەربازی لە كۆشكی سپی كۆببوونەوە. لەوێدا كارتەر پشتگیری لە پڕچەككردنی كورد كردبوو، بەڵام سامانسا پاوەر، نوێنەری ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دژی بووە. هەموو راوێژكارەكانیش لەسەر یەك خاڵ كۆك بوون كە دەبێ پرس بە ئیدارەی ترەمپ بكرێت، چونكە رەنگە ئەوان هەموو پلانەكەی ئیدارەی پێشتر هەڵوەشێننەوە.
بۆیە دوای كۆبوونەوەكە، رایس لەگەڵ مایكڵ فلین، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ترەمپ، قسەی كردبوو. بەگوێرەی كەسانی ئاگادار لە گفتوگۆكە، راوێژكارەكەی ئێستا بە هاوتا كۆنەكەی خۆی گوتووە “ئەو پلانە پەسەند مەكەن. ئێمە خۆمان بڕیاری خۆمان دەدەین”. لە دوایین كۆبوونەوەشدا لەگەڵ راوێژكارانی ئاسایشی نیشتمانی، باراك ئۆباما بڕیاری ناردن یان نەناردنی چەكی بۆ هێزە كوردییەكانی سووریا بۆ ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا جێهێشت.
ئێستاش ئامادەكردنی پلانی نوێ بۆ سووریا كەوتووەتە سەر شانی ژەنەراڵ جۆزێف ئێف دانفۆرد، فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی ئەمریكا و جیم ماتیس. لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا و لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ تیمی راوێژكارە ئەمنییەكانی ئۆباما، دانفۆرد بەردەوام پشتگیری لە پڕچەككردنی كورد كردووە، بۆ ئەوەی پلانێك دابنێن كە بەپێچەوانەی پلانەكەی پێشوو تێیدا بیر لە هاوكاریی رووسیا و ئارامكردنەوەی توركیا بكرێتەوە، خێرا بێت و لە سەرووی هەمووشیانەوە پلانی B تێدا بێت.