بافڵ تاڵەبانی هەواڵێكی میدیاکانی سلێمانی ڕەت دەكاتەوە
نووسینگەی ڕاگەیاندنی بافڵ تاڵەبانی، هەواڵی میدیا چەواشەكارەكانی سلێمانی ڕەت دەكاتەوە و ڕای دەگەیەنێت، بەهیچ شێوەیەك لە كۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی باسی ڕاگرتنی پەرلەمان نەكراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممه بهرواری 2ی 12ی 2020، لە ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیدا هاتووە، لەبارەی هەواڵێكی بێ بنەما و ناڕاست، لە هەندێ سایت و پەیجی بێ خاوەن و باوەڕپێنەكراو بڵاو كراوەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە كراوە لە كۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە پەرلەمانی كوردستان ئێستە كۆبوونەوەكانی رابگرێت، تا بارودۆخی نێوانیان بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە.
باس لەوە كراوە، بۆ هەموو لایەكی ڕوون دەكەینەوە، هەواڵی لەم شێوەیە هیچ بنەمایەكی نییە، لەو كۆبوونەوەیەدا بابەتی لەم شێوەیە بەهیچ شێوەیەك باسی لێوە نەكراوە.
ڕوون كراوەتەوە، بۆ ڕای گشتی و میدیاكاران و میدیا بەرپرسیارەكانیش ڕوونی دەكەینەوە، هەر بۆچوون و هەواڵێكی ڕەسمی لە كەناڵە مەركەزییەكانی سەر بە مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لاپەڕەی هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاو دەكرێتەوە، بەهای ھەواڵی هەیە و زانیاری دروست و باوەڕپێكراون.