حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان
ئەو حیزبەی لە حكوومەتدا نەبێت، دەتوانێت بە ئاسانی دەیان پاساو بدۆزێتەوە تا لە رێیانەوە سایكۆلۆژیەتی بەشێك لە جەماوەر و لایەنگرانی بجوڵێنێت بە مەبەستی هاندانیان لە دژی حكوومەت. ئینجا ئەو مۆدێلەی ئێستای ئۆپۆزسیۆنی كوردستانیش لەو جۆرەیانە كە مێشێك دەكاتە گامێش و رەش بە سپی و سپیش بە زەرد و زەردیش بە سوورە تۆخەكە نیشانی خەڵك دەدات، هەتا ناڕاستیش هەبێت، راستی لەبارەی حكوومەتەوە ناڵێت، لەبری حەزكردنیش بە چاكسازی و چارەسەریی گرفتەكان، بە پێچەوانەوە حەز بە تێكچوونی كۆی دۆخەكە دەكات، چونكە خوڵقاندنی گرفت و تێكچوون، چەكی گەورەی دەستێتی بۆ دروستكردنی دۆخێكی ئاڵۆز تا لە رێی ئەو دۆخە ئاڵۆزەوە، حەقیقەتی خۆی بشارێتەوە و خۆی وەك فریشتە نیشان بدات، حكوومەتیش وەك ستەمكار و گەندەڵكارو ناشایستە لە بەڕێوەبردندا!
دەكرێ لەكاتی تاقیكردنەوەی هەر حیزبێكی ئۆپۆزسیۆنیش، هەمان ئەو رەخنانەی كە حیزبی ئۆپۆزسیۆن لە حكوومەتییان دەگرێت، لەسەر خۆیشی جێبەجێ ببن، چونكە ئەو حیزبەی لە حكوومەتدایە، دۆخەكەی جیاوازترە لەگەڵ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنە، ئەو حكوومەتی دروستكردووە، پێی خۆش بێت یان ناخۆش دەبێت بەرپرسیارێتی دۆخەكان هەڵبگرێت، بە پێچەوانەی ئۆپۆزسیۆن كە حەز دەكات خۆی لە بەرپرسیارێتییەكان بشارێتەوە و بە هەڵەش تەعبیر لە حكوومەت بكات!
كەوایە حیزبی دروستكەری حكوومەت، باری سەرشانی قورسە، لەبری قسە و بەڵێنی درۆ، پێویستە كار بكات و پرۆژەی هەبێت، كار و پرۆژەش بە پارە دەكرێن، كاتێك قەیرانی داراییش دروست دەبێت، بێشك گرفتەكانیش گەورەتر دەبن، واتە جیاوازیی ئۆپۆزسیۆن و حیزبی پێكهێنەری حكوومەت، لەوەدایە، یەكەمیان هیچی لەسەر ناكەوێت و هەر بە قسە بەهەشتت بۆ وێنا دەكات، بەڵام دووەمیان دۆخەكەی جیاوازە و بەرپرسیارێتی لەسەر شانە، نابێت تەنیا پشت بە قسە و درۆ ببەستێت، دەبێت گرفتەكان چارەسەر بكات، بەگوێرەی توانای دارایی و قۆناغەكان، رێك بە پێچەوانەی ئۆپۆزسیۆنەوە كە هەوڵی دروستكردن و گەورەكردنی گرفتەكان دەدات.
رێك ئەو مۆدێلەی ئۆپۆزسیۆنی كوردستان، لەسەر ئەو بنەمایە كار دەكات، كێشەكان گەورەتر بكات لەوەی لە ئەسلدا هەن، لەبری ئەوەیشی پێشنیازیی چارەسەری دروست و لۆژیكیش بخاتە بەردەم حكوومەت، بە پێچەوانەوە لە رێی بەكارهێنانی ماكینەی میدیایی و كادیری چەقاوەسوو و جوڵاندنی سۆزی جەماوەرەوە، دۆخە قەیراناوییەكە، زیاتر لەوی كە خۆی هەیە، قەیراناویتر و گەورەتر نیشانی خەڵك دەدات یان كار بۆ زیاتر و فراوانتركردنی دەكات، وەك نموونە: هەرێمی كوردستان قەیرانی دارایی و هەیە و توانای حكوومەتیش بۆ دابینكردنی مووچە بێگومان باش نییە، لەكاتێكدا پێویستە گرفتی مووچە چارەسەر بكات، بەڵام لەو دۆخەدا ئۆپۆزیسۆنی كوردستان لەگەڵ ئەوەی دەزانێت گرفتەكە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و رێككنەكەوتنی بەغدایە لەگەڵ هەولێر، دێت وەبەرهێنان لەو قەیرانە ئابوورییەدا دەكات و بەرگی سیاسی بە بەردا دەكات، ئەگەر روونتر بدوێین، دەخوازێت بە هاتوهاوار و توانج و گوتاری دیماگۆگییانە كە هیچ جۆرە بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانی و نەتەوەیی تێدا رەچاو نەكراوە، ژینگە سیاسییەكەش تێك بدات، بە ئامانجی ئەوەی هەر كات هەلومەرجە سیاسییەكە، گرفتی بۆ دروست بوو، لەگەڵ بوونی قەیرانە ئابوورییەكەدا تێكەڵ دەبێت و وێنەی كێشەكانیش لە زاكیرەی خەڵكدا گەورەتر دەبن، ئەوكات ئۆپۆزسیۆن لەو دۆخەدا باشتر دەتوانێت یاریی بە سۆزی خەڵك بكات بۆ كۆكردنەوە و سواڵی دەنگ، لێرەدا گرنگە خەڵك بە ئاسانی بە قسەی ئۆپۆزسیۆن نەكەن، ناڵێم حكوومەتیش بێ گرفتە، بەڵام سەدا هەشتای رەخنە و بەڵێن و گوتارەكانی ئۆپۆزسیۆن درۆن، ئەو راستییە دەبێت هەموو كەس بیزانن.
لە جیهاندا هیچ حكوومەتێك نییە قەیرانی نەبێت، ئینجا هەر جۆرە قەیرانێك بێت، كە بە گوێرەی كات و شوێن و هەلومەرجەكانیان قەیرانەكانیش دەگۆڕێن، مادام حكوومەتیت و حیزبەكەت لە دەسەڵاتدایە، بێشك ئەو خولەی حكوومەتەكەت گرفتت هەر تووش دەبێت و ئۆپۆزسیۆنیش ئەو گرفتە دە ئەوەندەی خۆی هەیە، گەورەتر نیشان دەدات.
ئەوەی هەرێمی كوردستانیش ئاشكرایە گرفتی دارایی هەیە، پارتیش بەو پێیەی حیزبی یەكەمی كوردستان و یەكەمی ناو پەرلەمانە، بەرپرسیارێتییەكانی زیاترن، ئەوەش بەو مانایە نییە بڵێین لە قەیراندا دەبێت تەنیا پارتی بەرپرسیارێتیی بخرێتە ئەستۆ، ئاخر لە تەنیشت پارتیدا یەكێتی پۆستی باڵای هەن، جێگری سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی پەرلەمان و لەگەڵ ژمارەیەك وەزارەتیشی هەن، بزووتنەوەی گۆڕانیش جێگری سەرۆكی هەرێم و چەند وەزارەتێك و دەیان پۆستی دیكەی هەن، كەوایە بەرپرسیارێتی قەیرانەكە، نابێت تەنیا بۆ پارتی بێت، ئەگەرچی پارتی هەموو قورساییەكەی خستووەتە ئەستۆی خۆی، لەبەر ئەوەی بەڕاستی هاوبەشەكانی لەبری ئەوەی پاڵپشتی بن، سەنگەری بۆ هەڵدەكەنن و لەژێرەوە و لەسەرەوە تیر لە حكوومەتەكە دەگرن، واتە پارتی و بە دیاریكراوی خودی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت، لە یەك كاتدا رووبەڕووی چەندان شەڕ بووەنەتەوە، كە ئەمەش ئاماژەی بەهێزی ئەو پیاوەیە، لەلایەك شەڕی گوتاری درۆینەی ئۆپۆزسیۆن بووەتەوە و لەلایەكیش رووبەڕووی گوتاری بەشێك لە كادیری هاوبەشەكانی حكوومەت كە بەڕاستی تەنیا بۆ ئیمیتیازات حكوومەتیان دەوێت، ئەگینا زۆرترین هەنگاو و هەڵوێستەكانیان دژی حكوومەتن و هەمان قەوان و قسە سواوەكانی ئۆپۆزسیۆن لە دەمی كادیرەكانی حیزبە هاوبەشەكانی پارتی لە حكوومەتدا دەبیستینەوە و هەوڵی دروستكردنی كێشە دەدەن.
نازانم كەی، بەڵام سەرئەنجام قەیرانەكە تێدەپەرێ، خۆ هەر چەند دۆلارێكی تر بێتە سەر نرخی نەوت و لەگەڵ بەغداش رێككەوتن بكرێت، ئەوكات وەزعی حكوومەتیش لە رووی دارایییەوە باشتر دەبێت، ئەوە بۆ خەڵك باشە، بەڵام گرنگە ئەوكات خەڵكیش ئەوەیان لەبەر چاو بێت كە كێ بوو لە بەرپرسیارێتی هەڵدەدات و كێش شانیان دایە بەر بەرپرسیارێتییەكە، گرنگە خەڵكی كوردستان ئەو راستییە بزانن، هاوبەشەكانی پارتی، لەبری هاوكار بن بۆ چارەسەری دۆخەكە، رێك بە پێچەوانەوە كار دەكەن.
شاخەوان برایم عەبدوڵڵا