زیندانییەك لە زیندانی چاكسازی گەورانی سلێمانی گیان لەدەست دەدات
خواكوڕك
دوای ئەوەی دوو رۆژ بەر لە ئێستا لە ناو زیندانی چاكسازی مێرمندالانی دهۆك, مێرمندالێك گڕی لە خۆی بەرداو سوتا, لە هەمان رۆژ پۆلیسێك لە ناوی زیندانی پۆلیسی كەركوك خۆی كوشت ئەمڕۆ زیندانییەك لە زیندانی چاكسازی گەورانی سلێمانی گیان لەدەست دەداتو لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەش پێكدەهێنرێت بۆ بەدواداچوونی رووداوەكە.
شێركۆ عارف بەڕێوەبەری چاكسازی گەورانی سلێمانی راگەیاند”دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگاداركراینەوە كە زیندانییەك كە سزای لەسێدارەدانی هەبوو گیانی لەدەستداوە” زیندانییەكە تەمەنی نزیكەی 70 ساڵە بە تاوانی كوشتنی سێ هاوڵاتی زیندانی كراوو دوو سزای لەسێدارەدان و هەتاهەتاییەكی بەسەردا دراوە.
بەڕێوەبەری چاكسازی گەورانی سلێمانی گوتیشی:” تەرمی ئەو زیندانییە رەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كراوە, لیژنەی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە لەلایەن تیمەكانی بەڵگەی تاوان و پۆلیسەوە پێكهێنراوە.
شایەنی باسە ساڵانە چەندین كەس لە زیندانەكان گیان لەدەست دەدەن, دوو ساڵ بەر لە ئەمڕۆ قائیمقامی سلێمانی كە تۆمەتبار كرابوو بە گەندەڵی لە زیندان گیانی لە دەست دا لێژنەی لێكۆلینەوەی بۆ پێكهێنرا, بەڵام تا ئێستا هۆكاری گیان لەدەست دانی ئاشكرا نەكراوە