لیژنەی باڵای ئارامیی سلێمانی ڕاگەیاندراوێک بڵاو دەکاتەوە
لیژنەی باڵای ئارامیی سلێمانی لە ڕاگەیاندروێکدا سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی سلێمانی ٤ خاڵی یاسایی دەخاتە ڕوو ، یەک لە هەرە خاڵە بەرچاوەکانی ئەو ڕاگەیاندراوە ئاماژە بەوە دەکات هیچ کۆبوونەوەو خۆپیشاندانێک بە بێ موڵەتی پێشوەختە رێگەپێدراو نییە .
دەقی راگەیەندراوی ليژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی:..
١-هەر کۆبوونەوەو گردبوونەوەیەک بەبێ ڕەزامەندی پێشوەختەی لیژنەی باڵای ئارامیی رێگەپێدراو نییەو، شێواندنی ئارامی شار و راگرتنی جوڵەی بازاڕ لەم قەیرانە ئابوورییە قوڵەدا لە بەرژەوەندییی توێژەكانی كۆمەڵگادا نییە.
٢- خۆپیشاندانی مەدەنییانە و ئاشتیانە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و داواکارییە رەواکان لە چواچێوەی یاسادا؛ يەکێکە لە مافە رەواکانی خەڵک و پارێزگاریی لێدەکەین.
٣- پێویستە كەناڵەكانی راگەیاندن لە چوارچێوەی یاسا رێگاپێدراوەكاندا روماڵی رووداوەكان بكەن و ئیتیكی رۆژنامەوانیی لەبەرچاو بگرن.
٤ـ پێویستە هەموو هێزەکان ئارامیی و ئاسایش بپارێزن و خۆیان لە هەر رووبەڕووبونەوەو توندوتیژییەک بەدووربگرن