سڕکردنی مەلا بەختیار لە لایەن ئەنجومەنی بالای سیاسیی و بەرژەوەندی یەکێتی ڕەت کرایەوە
ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی لە دوای کۆبوونەوەی بۆ گفتوگۆکردن لە سەر بەردەوامی سڕکردنی مەلا بەختیار لە ڕاگەیانداروێکدا ئەو بڕیارە ڕەت دەکاتەوە .
چاودێرانی سیاسییش پێیان وایە ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی قوڵبوونەوەی زیاتری ناکۆکییەکان لە ناو باڵەکانی یەکێتی دا
دەقی راگەیاندراوەکە :
سەرلەبەیانی 3/12/2020 بە سەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی و ئامەدەبونی تەواوی ئەندامەكانی، لەم دۆخەدا ئەنجومەنی باڵای سیاسی كۆبوەوە، ئەنجومەنی باڵا پێیوایە كوردستان بە دۆخێكی ئابوری و سیاسی دژواردا تێدەپەڕێت، دابیننەكردنی بژێوی زۆرینە بە تەواوەتی تەنگی بە موچەخۆرانی كوردستان هەڵچنیوە.
شەقام بە داخوازی و ناڕەزایی و رەخنەو ئاراستەی جیاواز هاتونەتە خرۆش. بۆیە ئەنجومەنی باڵا لەهەر هەلومەرجێكی رابردوو جیاوازتر، داوادەكات خێرا، حكومەتی كوردستان، سیاسەتی ئابوری و دارایی خۆی، چ بە دانوستان لەگەڵ بەغدا و چ بە داهاتی كوردستان، بەپێی خواستی خەڵك، بەشێوەیەك ساغ بكاتەوە، كە دڵنیایی تەواو بەڕای گشتی بدات.
یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و كوردستانیش، لەبەردەم بەرپرسیارێتیەكی چارەنوسسازدایە، لە بەرامبەر داخوازی رەوای خەڵكدا، پێویستە بڕیارو بەرنامەكانی داكۆكیكردن بێت لە چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەی ئابوری و موچەی خەڵك، ئەمەش پێویستی بە گوتاری یەكگرتوە، بەپێی پرۆژەیەكی چارەسەری راستەقینە، لەپێشەوەی چارەسەری دۆخی ئابوری و دارایی. چارەسەری دۆخی ئابوری و دارایش لە كوردستان، مەحاڵە بەبێ ریشەكێشكردنی دیاردەی گەندەڵی لە سەرانسەری كوردستان، چ لەناو حكومەت و چ لەناو حیزبەكان.
ئاماژە بە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵا، لە پەیڕەوی ناوخۆدا چەسپێنرا، لێرەدا پێویستە رایبگەیەنین كەوا تەنها ئەنجومەنی باڵای سیاسی، بەرپرسیارە لە لێپێچینەوەی ئەندامەكانی و بەس.
ئەنجومەنی باڵای سیاسی و
بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان