دیاری حسێن:دەبێت کەرکووکیەکان خۆیان شارەکەیان بەڕێوە ببەن
دوای ئەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناو کەرکووک کشانەوە لە ئێستادا بڕیارە پۆلیس مەلەفی ئەمنی بگرێتە دەست و بەرپرسێکی پارتیش رایدەگەیێنێت کە کەرکووکیەکان خۆیان کەرکووک بەڕێوە دەبەن.
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە: “بڕیارە مەلەفی ئەمنی رادەستی ھێزەكانی پۆلیسی ئیتیحادی بكرێت، بەڵام نازانین چۆن بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت و بڕیارەكەش دەرچووە ھێزی سەربازی و سوپا لەنێو شاری كەركووك نەمێنێ “.
جێگری بەرپرسی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتی دەڵێت: “دەرچوونی ھێزە سەربازییەكان ھەنگاوێكی گرینگە بۆ ئەوەی سیمای سەربازی لەنێو شاری كەركووك نەمێنێ، چونكە بەداخەوە تا ئێستا خەڵكی كەركووك دڵنیا نین لە پاراستنی سەروماڵی خۆیان و دزی و تاڵانی بەردەوامە”.
دیاری حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “پێشتر نوێنەرەكانمان لە ھەموو كۆبوونەوەكان لەگەڵ بەغدا جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە، كە پێویستە ھێزە ئەمنییەكانی نێو شاری كەركووك خۆیان شارەكەیان بپارێزن و ھێزی بیانی ئەوانەی ھاتوونەتە نێو كەركووك، پاشەكشە بكەن”.