توركمانەكانی كوردستان: پڕۆژەی ئێمە بۆ بەغدا سەربەخۆییە
خواكوڕك
دوای سەردانی كردنی شاندێكە باڵای هاوپەیمانی شیعە بۆ هەرێمی كوردستانو كۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتە كوردستانیەكان, كە چەند پارتە توركمانەكانیش تێیدا بەشدار بوون, بەر پرسێكی باڵای توركمانەكانی كوردستان دەلێت:” ئێمە لەبەرانبەر پڕۆژەكەی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە پڕۆژەی خۆمان هەیە، ئەویش سەربەخۆیی كوردستانە، بۆیە باشترین چارە ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان سەربەخۆیی خۆی ڕابگەینێت”
(عەبدولقادر بازرگان) سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندووە: شاندی هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراقی پڕۆژەیەكیان پێ بوو، كە هەموو لایەنەكان پشتگیری لەو پڕۆژەیە بكەن، بەڵام ئێمە وەك لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان، باوەڕمان بەوە نەبوو كە ناو بەناو لەگەڵ ئەوان كۆببینەوە، چونكە ئەوە بۆ زیاتر لە سێ ساڵ دەبێت بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانیان بڕیووە، ئەو دەستپێشخەری ئەوان بۆ كورد و پێكهاتەكان هیچ سوودێكی نییە، بەڵام ئەگەر لە داهاتوو بزانین ئەو پڕۆژەیە سوودی هەیە، بە هەموومان پێكەوە لیژنەیەكی باڵا لە لایەنەكان پێكبهێنین و سەردانی بەغدا بكەین و باسی سەربەخۆیی و كێشەكانی دیكە بكەین، پێموایە كە ئەو شاندە بە بەشداری هەموو لایەنەكان، ئەنجامێكی باشی بۆ خەڵكی كوردستان دەبێ.
سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان گوتیشی: ئێمە لەبەرانبەر پڕۆژەكەی ئەوان پڕۆژەی خۆمان هەیە، ئەویش سەربەخۆیی كوردستانە، باشترین چارە ئەوەیەكە هەرێمی كوردستان سەربەخۆ بێت و سەربەخۆیی خۆی ڕابگەینێت، چونكە ئەو هێنان و بردنە بەس بۆ كات كوشتنە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان خۆیان بكەنە یەك و سەربەخۆیی كوردستان ڕابگەینن، كە ئەوە باشترین چارەیە بۆ هەرێمی كوردستان”.
شایەنی باسە رۆژی شەممە شاندێكی باڵای هاوپەیمانی شیعی بە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم گەیشتنە هەولێر لەگەڵ سەرجەم پارتە كوردستانیەكان كۆبوونەوەیان كرد لە مەڕ ئەو دەست پێشخەریەیی كە عەمار حەكیم بۆ چاككردنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا خستۆتیە روو.