عەبدولڕەزاق شەریف: لەبارەی نەوت و ئابووری سەربەخۆی كوردستان چەند نهێنیەك لەسەر گۆڕان و یەكێتی ئاشكرا دەكات.

عەبدولڕەزاق شەریف بەرپرسی پێشووی یەكێتی و میدیاكانی گۆڕان لەبارەی دۆسیەی نەوتی كوردستان چەند نهێنیەك لەبارەی كۆبوونەوەكانی ( ئاشتی هەورامی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی و نەوشێروان مستەفا ئاشكرا دەكات”.

عەبدولڕەزاق شەریف لەنووسینێكی دا بەناونیشانی (یەکێتی‌ و گۆڕان ‌و لاپتۆپەکەی ئاشتی ھەورامی) باس لەكۆبوونەوەكانی ئاشتی هەورامی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی و كۆبوونەوەی نەوشێروان مستەفا دەنووسێت”گلەیی ‌و گازەندەی سەرکردەکانی یەکێتی ‌و پارتی لەسەر پرۆسەی ئابوری سەربەخۆ‌ و پرۆسەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان، ھەمیشە روبەڕوی مام جەلال دەبووەوە، ئەویش بەھەر شێوەیەک بوو بە بارزانی دەگەیاند. لەسەر داوا ‌و پێشنیازی بارزانی ‌و تاڵەبانی، بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا، ئاشتی ھەورامی گەیشتە ھاوینەھەواری دوکان‌ و بە تەنیا لاپتۆپێک ‌و داتاشۆیەک کۆڵەپشتی ئەو سەفەر ‌و کۆبوونەوەیەی بوو.

 

هەروەها عەبدولڕەزاق شەریف دەنووسێت”شوێنێکی باش ئامادەبکەین، ئەمڕۆ دەرسی نەوت بە رەفیقەکانی تۆ دەڵێم”
ئاشتی ئەم قسەیەی کرد و ھۆڵ‌ و تەدارەکی وانەوتنەوەمان ئامادەکرد‌ و ئەو ھاوڕێیانەمان لە مەکتەبی سیاسی بانگھێشتی کۆبونەوەکە کرد.

باس لەكۆبوونەوەكە دەكات و دەنووسێت”نەخشەی کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان، کۆن‌ و نوێ، ناوی کۆمپانیاکان، شێوازی گرێبەستەکان، رێژەی بەرھەمی بەرمیلی رۆژانەو… ھتد، وەک مامۆستایەکی لێزان بە یەک پاکێج‌ و بە داتاشۆ رونیکردەوە، زۆر شادمان بوو بەو کێڵگە نەوتیانەی کاری لەسەر نەکرابو، دواقسەی کۆبوونەوەکەی (دروست بڵێم وانەکەی) ھەموو ئامادەبووانی شاگەشکە و سەرسام کرد‌و وتی: “لە سەری ساڵی ئایندەوە رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستان بەرھەمدەھێنین”، ئەمە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٩دا بوو.

هەروەها دەنووسێت”جارێکی تر‌ و دوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی، عیماد ئەحمەد وەک جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لێدوانێکی لەسەر ئاگاداربوونی خۆی لە تەواوی پرۆسەی نەوت ‌و داھاتەکانی دابوو، دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی دوای دڕدۆنگیان بانگھێشتی کۆبوونەوەیەکی پەلەیان کرد‌ و بە راشکاوی لە بەردەم ئەندامانی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیدا وتی: “بەڵێ من ئاگادارم ‌و بەشێکی پارەم وەرگرتوە و مام جەلال ‌و ھەندێک ھەڤاڵی تری یەکێتی چەند بەشکێکی تریان وەرگرتووە”.

لەبارەی پرسیارێكی مەلا بەختیار لە عیماد ئەحمەد عەبدولڕەزاق شەریف دەنووسێت” مەلا بەختیار وەک بەرپرسی دەستەی کارگێڕی پرسیاریکرد‌: “بۆچی بە ئێمەتان نەوتووە؟ بفەرمو بۆمان روونبکەرەوە”عیماد ئەحمەد لە وەڵامدا وتی: “مام جەلال بە منی وتووە ئەو پارەیەت بەرەوڕوو ئەکەمەوە، نابێت لای کەس باسی بکەیت. ھەتا مام خۆی چاکدەبێتەوە ئامانەتێکە لە ئەستۆی مندایە، خۆ ئەگەر چاکیش نەبووەوە، ئەو مەسەلەیە بخەنە کۆبوونەوەی سەرکردایەتییەوە، گەر زۆرینە بەچی شێوازێک پێتان باش بوو، با دەنگی لەسەر بدەن‌ و بۆ چەند کەسێکی بدرکێنین”.

عەبدولڕەزاق شەریف هەروەها باس لە لیستێك دەكات وەك بەڵگەی بۆ كۆبوونەوەكە و دەنووسێت” ئەوەندەی من ئاگاداری بم، دوای ئەو کۆبوونەوەیە کۆتایی بەو باسە ھێنرا. بۆ دڵنیایی ئەو کەسانەی گومانیان ھەیە، ھەر لەو کۆبونەوەیەدا لیستی پاڵێوراو بۆ پۆستەکانی یەکێتی لە حکومەتیش عیماد ئەحمەد وتی: لیستێکی مام جەلالم لایە تا ئەو ناوانە تەواو نەبن، ھیچ کاندیدێکی ترم بۆ مەنێرن‌ و بۆ ئەم مەسەلەیەش د. خەسرەو گوڵ محەمەدی کرد بە شایەت.

هەر لەسەر دۆسیەی نەوت كە بووە جێگای پرسیار لەناو گۆڕان عەبدولڕەزاق شەریف دەنووسێت”چەند ساڵێک تێپەڕی ‌و دوای دیداری نەوشیروان مستەفا ‌و بارزانی ھەمان سیناریۆی پرس لە تاریکی پرۆسەی نەوت لەنێوان ئەو دوو جوامێرە دوبارەبووەوە، بەھەمان دەستوری پێشوو دوەمیان ئاشتی ھەورامی بە کۆڵەپشتەکەیەوە رەوانەی گردی زەرگەتە کرد!

 

عەبدولڕەزاق شەریف باس لەقسەیەكی نەوشێروان مستەفا دەكات و دەنووسێت” نەوشێروان مستەفا گوتی”کەس نازانێت کێیە؟ کوڕی کێیە؟ چۆن ھەموو موقەدەراتی ئەم میللەتەتان داوەتە دەستی بازرگانێک؟ گەر شکستبھێنێت دەڕوات ‌و بە ھەموومان بۆمان نادۆزرێتەوە، خەڵک من ‌و تۆ دەناسێت ‌و یەخەی من ‌و تۆ دەگرێت”.تەنیا قسەیەکی ناو کۆبوونەوەکە لەبارەی نەوتەوە کە بە بارزانی وتبێت، ئەمەبوو کە لە کاک نەوشیروانم خۆیم بیست.

هەروەها دوای ئەو گلیانەی نەوشێروان مستەفا عەبدولڕەزاق شەریف دەنووسێت” نەوشێروان مستەفا هەڵسا بە هێنانی شارەزایانی بیانی لەبارەی نەوت و دەنووسێت” نەوشێروان گوتی کەس شارەزای بواری نەوت‌ و گرێبەستی کڕین ‌و فرۆشتنی نەوتی نییە! ھەمیشە دەیوت: کەسمان لێی نازانین ‌و نامانەوێت بیزانین! راسپاردەی بۆ ھاوڕێکانی لە حکومەت ‌و پەرلەمان ئەوەبوو کە بە ھەر نرخێک بێت شارەزای بیانی بھێنینە کوردستان.

دەنووسێت” بەناچاری خۆی بۆ چەند رۆژێک ‌و لە ماڵەکەی خۆی داوەتی چەند پسپۆڕ ‌و شارەزایەکی بیانی کرد. ھەر لەو سەروەختەدا ئاشتی ھەورامی گەیشتە لای ‌و وێنەیەکی گشت گرێبەست‌ و زانیاری‌ و ناوەڕۆکی لاپتۆپ ‌و کۆڵەپشتەکەی تەسلیمی کاک نەوشیروان کرد.

هەروەها دەنووسێت”چەند رۆژێکە لەگەڵ ئەم پسپۆڕە بیانیانە دیراسەی فایلی پرۆسەی نەوتی ھەرێم دەکەین، ئەوەی لام سەیرە زۆر ستایشی گرێبەستەکانی ئاشتی ھەورامی دەکەن‌ و دەڵێن زەحمەتە گرێبەستی وا باش لە دنیای بازاڕی نەوتدا کرابێت”.
نەوشیروان مستەفا ئەوەی بە من وت ‌و بەدوایدا رێنماییکردم لە میدیای گۆڕان چیتر باسی خراپی پرۆسەی نەوت ‌و ئابوری سەربەخۆ‌ و گرێبەستە نەوتییەکان نەکەین، وتیشی تەنیا شتێک لەوبارەیەوە باسیبکەن ئەوەیە کە بڵێن پارەکەی لەکوێیە؟

هەروەها ئەو بەرپرسەی پێشووی میدیایی گۆڕان دەنووسێت”ئەم رێنماییەی رێکخەری گشتی بزوتنەوەکەم کرد بە پەخشنامەیەک‌ و بەڕێوەبەری بەشەکانی میدیام لێ ئاگادارکردەوە و ئەوانەشی پەخشنامەکەیان جێبەجێکرد لە ژیاندا ماون.

لەكۆتایی نووسینەكەشی دا عەبدولڕەزاق شەریف تێبینیەك لەنووسینەكەدا دەخاتە روو دەنووسێت”دوای گفتوگۆی گەرمی ئەم رۆژانەی وەزیری دارایی پێشوو لەگەڵَ سەرۆکی فراکسیۆنی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر پرسی نەوت ‌و گرێبەستەکان، بە ئەرکی سەرشانی خۆمم زانی وەک قسەیەک بۆ مێژوو ئەم وتارەم بڵاوبکەمەوە.

 

Back to top button