عادل عه‌بدولمه‌هدی هۆشداری ده‌داته‌ پێكهاته‌ی شیعه‌

سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، دوای پێكهێنانی حكومه‌تی مسته‌فا كازمی، ئه‌مریكا پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ عیراق سست كرد. هۆشداریش ده‌دات ئه‌گه‌ر پێكهاته‌ی شیعه‌ دادپه‌روه‌ر نه‌بێت له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی دیكه‌دا، ئه‌وا حوكمڕانیكردنی عیراق كارێكی قورسە.

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عیراق له‌ گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری (حوار الفكر) رایگه‌یاندووه‌، ئه‌مریكییه‌كان بۆ شكست پێهێنانی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان تایبه‌ت به‌ ده‌رچوونی هێزه‌كانیان هه‌موو شتێكیان كرد.

عه‌بدولمه‌هدی ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، كه‌ پرسی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق جۆرێك له‌ ناڕوونی تێكه‌وتووه‌ و پرۆسه‌كه‌ سست بووه‌، به‌ تایبه‌تیش دوای پێكهێنانی حكومه‌تی مسته‌فا كازمی.

سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عیراق به‌رگری له‌ پێكهاته‌ی شیعه‌ ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، “له‌ هه‌ر وڵاتێك له‌ وڵاتانی جیهان، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی زۆرینه‌ زامن نه‌كران، ئه‌وا وڵاته‌كه‌ سه‌قامگیر نابێت، كه‌ شیعه‌ ته‌نیا زۆرینه‌یه‌كی دانیشتوان نین، به‌ڵكو له‌ رۆشنبیری گشتی قورسایی گه‌وره‌یان هه‌یه‌”.

عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گفتوگۆیه‌كدا هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێت “ئه‌گه‌ر پێكهاته‌ی شیعه‌، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌زانێت و هه‌روه‌ها دادپه‌روه‌ر نه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌دا، ئه‌وا حوكمڕانیكردنی عیراق قورسه”‌.

Back to top button