سەرۆکی حکومەت  بۆپرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم لە گەڵ شاندنی دانوستانکار لەگەڵ بەغدا کۆبۆوە

 

ئەمڕۆ شەممە 2020/12/5 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کۆبووەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم تاووتوێ کرا. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ستایشی هەوڵ و کۆششەکانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستانی کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە گەڵ بەغدا و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بە هیچ شێوەیەك سازش لە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێم ناکات و چاوەڕێی گەیشتنی بەشە بودجەی هەرێمە بۆ مانگی ئۆکتۆبەر لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، کە تا ئێستا نەنێردراوە. ئەمە جیا لە مانگەکانی پێنج و شەش وحەفتی ئەمساڵ کە ماف و شایستەیەکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە و حکومەتی فیدراڵی تا ئێستا نەیناردووە.

 

سەبارەی بە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 ، لەیەکگەیشتنی باش  لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هاتووەتەئاراوە،  بەڵام گفتوگۆکان بەردەوامن بە ئاراستەی گەیشتتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە چوارچێوەی ئەو پرنسیپانەی کە لەسەری ڕێککەوتووین.

 

Back to top button