ئه‌مریكا ئه‌و هێزه‌ دیاری ده‌كات كه‌ ناوچه‌ی ئارام له‌ سوریا راده‌ست ده‌كرێت

خواكوڕك

دوای ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پڕچه‌ك كردنی هێزه‌كانی په‌یه‌ده‌ی دا، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانی سوریا له‌ جنێف بڕیارێك له‌باره‌ی پێشمه‌رگه‌ی رۆژ بدات.

رۆژی 20 شوباتی 2017 كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌می لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانی سوریا له‌ ئێران ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌ و هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و به‌ریتانیا به‌ گرنگیه‌وه‌ چاودێری ده‌كه‌ن و پێشبینی ده‌كرێت بڕیاری دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام بدرێت.

سه‌رچه‌كانی هه‌واڵ ئاشكرایان كردووه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی جنێف، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت هێزێك له‌ سوریا دیاری بكات كه‌ به‌ته‌واوی پڕچه‌كی بكات و پاڵپشتی بكات، ئه‌م هێزه‌ش هێزی پێشمه‌رگه‌كانی رۆژ ده‌بێت، وه‌ك رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست ئاماژه‌ی پێكردووه‌.

پێشمه‌رگه‌كانی رۆژ، كه‌ پێكهاتوون له‌ لیوایه‌كی 10 هه‌زار پێشمه‌رگه‌یی، پێكهاتوون له‌ كچ و كوڕانی رۆژئاوای كوردستان و له‌هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌كراون و راهێنانیان پێكراوه‌ و دواتر پڕچه‌ك كراون و به‌شداری چه‌ند شه‌ڕێكی دژی داعشیان كردووه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی جنێف هه‌ریه‌كه‌ له‌ نوێنه‌رایه‌تی روسیا و توركیا و ئێران و سوریا و ئۆپۆزسیۆنی سوری و ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كورد له‌ سوریا (ئه‌نه‌كه‌سه‌) به‌ چاودێری ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

Back to top button