نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بارزانی حەزدەكەین بۆ مسۆگەكردنی ئاشتی ناوچەكە كارت لەگەڵ بكەین
خواكوڕك
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان وەڵامی نامەی پیرۆزبایی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی داوەتەوە کە بە مەبەستی پیرۆزباییکردن لە دەستبەکاربوونی وەکو سکرتێری گشتی رێکخراوەکە ئاراستەی کردبوو، گۆتێرێز لە نامەكەدا نووسیویەتی “سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان دەکەم، رێز و پێزانینم بۆ قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ هەیە”.
هەر لە نامەكەدا كە وەڵامی نامەی پیرۆزباكردنی بارزانی بووە” ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز دەلێت هەموو لایەك لە رووبەڕووبوونەوەییەكی سەخت و مێژوویی تەحەدییاتەكاندان و تیرۆر و هزری توندڕەوی بەنیازە وڵاتان لەیەكتر دوور بكاتەوە، هەورەها دەلێت خۆی و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان حەزدەكەن لەگەڵ بارزانی كاربكەن بۆ مسۆگەركردنی ئاشتی لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان”.
گۆتێرێز گوتوویەتی دابینكردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ئەركێكی مێژوویی لە قەڵەمداوە و بۆ ئەو مەبەستەیش دەیەوێ لە نزیكەوە هاوكار و هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ بارزانی وەڵامی گۆتێریز بۆ بارزانی لەراگەیاندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، كە ئەمرۆ 7ی 2ی 2017 بڵاو كراوەتەوە.