كۆمه‌ڵ و گۆڕان مه‌رج بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا داده‌نێن

خواكوڕك

ئه‌مڕۆ سێ شه‌مه‌ 7/2/2017 شاندێكی باڵای كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌لی باپیر ئه‌میری گشتی حزبه‌كه‌، سه‌ردانی گردی زه‌رگه‌ته‌یان كرد و له‌گه‌ڵ شاندێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا كۆبونەوە.

به‌پێی زانیاری میدیاكانی نزیك له‌ گۆڕان، هه‌ردوولا رێكه‌وتوون به‌مه‌رج به‌شداری شاندی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن كه‌ بڕیاره‌ بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بچێته‌ به‌غدا.

میدیاكانی ئه‌و حزبه‌ ئه‌وه‌شیان ئاشكرا كردووه‌ كه‌ مه‌رجه‌كه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان دانراوه‌ نه‌وه‌ك حكومه‌تی عێراق، و بریتیه‌ له‌ مه‌رجی كارا كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌ حكومه‌ت.

دانانی ئه‌م مه‌رجه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵ له‌كاتێكدایه‌ له‌ناوخۆدا دۆخێك بۆ ئاشته‌وایی سیاسی و نیشتمانی له‌نێوان حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هاتۆته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵ له‌م هه‌ڵمه‌تی ئاشته‌واییه‌ جۆرێك له‌ساردیان پێوه‌ دیاره‌.

وابڕیاره‌ له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا شاندێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان كه‌ پێكهاتبێت له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، سه‌ردانی به‌غدا بكات، بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر پرسی داهاتووی حوكمڕانی له‌ عێراق و دۆسیه‌ی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان.

Back to top button