کۆیە :  حزبەسیاسییەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئاماژە بە گۆڕینی رێڕەوی خۆپیشاندانەکان دەکەن

 

حەوت حزبی سیاسی لە سنووری قەزای کۆیە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا روونکردنەوە لە سەر چۆن بە دەستهێنانی ماف دەکەن لە هەرێمی کوردستان و پێیان وایە ڕێڕەوی خۆپیشاندانەکان گۆڕاوەو لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە.

بۆیەش داوا لە خۆپیشاندەران دەکەن بەشداری خۆپیشاندانەکان نەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە بشێوی زیاتر بکرێت و خوێنی لاوەکانمان بە فیرۆ نەڕوات .

دەقی بەیاننامەکە :

 

بەیانى هاوبەشى لایەنە سیاسیەكانى سنورى قەزاى كۆیە

 

كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان

 

هاووڵاتییانى سنوورى قەزاى كۆیە

 

بارودۆخ و ژیان و گوزەرانى خەڵكى كوردستان لەئاستێكى خراپ دایە و هەموو لایەك ئەو راستیە دەزانین، بۆ بەدەست هێنانى مافە رەواكان و داخوازى و داواكاریەكان، ئێمەش پشتیوانى داخوازیە رەواكانى هاووڵاتیانین.

 

لەبەشێك لە شار و شارۆچكەكانى هەرێمى كوردستان بۆ جارێكى دیكه‌ خۆپیشاندانى هێمنانە و شارستانیانە گۆردران بۆ پشێوى و ئاژەوە، بەداخەوە گەیشتووه‌تە رشتنى خوێنى هاووڵاتیان و زامداربوون و سووتاندنى بارەگاى لایەنە سیاسیەكان و دامەزراوە حكومیەكان.

 

ئێمە پێمان وایە هەر داواكاریەكى رەوا كە پشێوى تێكەوت، ئامانجە سەرەكیەكەى بەلاڕێدا دەبرێت و بەهۆیەوە ناگەینە ئەنجام. ئه‌گەرچى گردبونەوە و خۆپیشاندانى مەدەنى بەمافى رەواى تاك لە سیستمى دیموكراسى دەزانین، بەڵام له‌ ئێستادا داواكارین لە ئەندام و لایەنگرانى خۆمان، بەهیچ جۆرێك بەشدارى گردبوونەوە و خۆپیشاندانى بێ موڵەت نەكەن لەسنوورەكە.

 

هەروەها داواكارین لە حكومەتى هەرێمى كوردستان و لایەن سیاسیە پێكهێنەرەكانى حكومەت، بەزوویى بڕیارى پێویست بدەن بۆ رێكەوتن لەگەڵ حكومەتى فیدراڵ و دابەشكردنى مووچە و باشتركردنى بژێوى ژیانى مووچەخۆران و هاووڵاتیان، چونكە لەئەگەرى بەردەوامبوونى بارودۆخەكە بەم شێوەیەی ئێستا، هەموو لایەك لە هێزە سیاسییەكان، حكومەت و هاووڵاتیان زەرەمەند دەبن.

 

هێزە ئەمنییەكان لەم سنوورە پاراستنى گیانى هاووڵاتیان، هێمنى و ئاسایشى شاریان لەئەستۆدایە، داواكارین بەگیانى بەرپرسیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن.

 

لەپێناو پارێزگارىكردن لە جوانی و پیرۆزییەكانى شارى كۆیە و تەبایی هاووڵاتیان و لایەنە سیاسییەكان، گیانى یەكتر قبوڵ كردن دەكەینە بنەماى پێكەوە كاركردن بۆ خزمەتكردنى زیاترى هاووڵاتیان و گەیشتن بە مافەكانیان.

 

كوردستان و كۆیە بەدووربێت لە ئاشوب و ئاژەوە.

 

مەڵبەندى 14ى رێكخستنى كۆیە – یەكێتى نیشتیمانى كوردستان

 

مەلبەندى16ى كۆیە – یەكگرتوى ئیسلامى كوردستان

 

مەكۆی كۆیە – بزووتنەوەى گۆران

 

كۆمیتەى رێكخستنى كۆیە – حزبی شیوعى كوردستان

 

ناوچەى كۆیە – پارتى دیموكراتى كوردستان

 

مه‌ڵبه‌ندى كۆیە – سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان

 

ئەنجوومەنى 2ى كۆیە – كۆمەڵى ئیسلامى كوردستان

 

کۆیه – 8/12/2020

Back to top button