ھاوارەکانی ترەمپ و شکستەکانی ئۆباما

ئەردەڵان هەلەبجەی

لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن جیاواز لە زۆرێک لە کاندیداکانی پێشووی ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا,دۆناڵت ترەمپ بە دەنگی بەرزو بڕوای تەواوەوە ئاماژەی بەوە دەکرد کە ئەمریکا دەکاتەوە بە گەورەترین و بەھێزترین وڵات و دەیباتەوە بۆ لوتکەی ھێز,ئەم ھاوارەی ترەمپ و ڕەخنەی بەردەوامی لە سیاسەتەکانی دەرەوەی ئیدارەکەی ئۆباما لە ڕاستیدا نە بێ ھۆو نە دروشمێکی سەرپێیانەی ھەڵبژاردن بوو,بەڵکو ترەمپ ھەموو ئەو پاشەکشانەی دەبینی کە ولاتەکەی لە گۆڕەپانی سیاسەتی دەرەوەدا کردویەتی بەتایبەت لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
لە دەست بەکاربوونی ئۆباما وەک سەرۆکی ئەمریکا و لەماوەی ھەشت ساڵی سەرۆکایەتیەکەیدا دەتوانین بڵێن لاوازترین و بێدەنگترین سەرۆکی ئەمریکامان دیت تایبەت بە پرسەکانی پەیوەند بە سیاسەتی دەرەوە و گۆڕانکاریەکانی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەراست,ھەر ئەو لاوازیەی ئۆباما بووە ھۆکاری دەرکەوتن و بەھێزبونی ھەژمونی ھەندێک ھێزی ھەرێمی وەک ئێران,کە ئەوەش بویە ڕێگر لە بەردەم بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا,,ڕەنگە دەستوەردانی ئێران لە وڵاتانی (عێراق,سوریا,بەحرەین,یەمەن,لوبنان,کوەیت و ھەندێک وڵاتی ئەفریقی) بەڵگەی ئەو بێدەنگی و لاوازیەی ئۆباما بێت,لە بری ئەوە ئۆباما جەختی کردبویە سەر گرنگبدان بە سیاسەتی ناوخۆو لەو ڕوەشەوە تا ئەندازەیەکی زۆر توانی لە ئاستی ناوخۆدا سەرکەوتوو بێت پێچەوانەی سیاسەتی دەرەوە کە ئەمریکای توشی پاشەکشێ کرد.
ھەر ئەوەش وایکرد ترەمپ لەساتی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا ھەوڵی راستکردنەوەی سیاسەتەکانی ئۆباما لە ئاستی دەرەوەدا بدات و ڕەخنەی توندی ئاڕاستە بکات,لێدوان و بڕیارەکانی ترەمپ تایبەت بە پرسی رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و ڕەوشی سوریا و کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراقیش پەیوەستن بەو پرسەوە.
بەڵام پرسیارە جدی و جەوھەری لەمەڕ ھاوارەکانی ترەمپ و بڕیارەکانی ئەوەیە ئاخۆ ترەمپ دەتوانێت لە ئاستی دەرەوەدا ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە بەھێزە کاریگەرەکی جاران و بەربەستەکانی بەردەم بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بخاتەوە بازنە داخراوەکانی پێشتر؟
ئاخۆ ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا تا چەند ھاوکاری ترەمپ دەبن بۆ ئەوەی ھەژمونی ئێرانیەکانی لە ناوچەکە کۆتایی پێ بھێنێت و لەلایەک مەترسی لەسەر ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا کۆتایی پێ بێت و لە لایەکی تر ئەمریکا ببێتەوە ھێزی کاریگەری یەکلانەو بڕباردەر لە ناوچەکە؟
بۆ وەلامی ئەم پرسیارانە دەبێت لە بری ھاوارەکانی ترەمپ چاوەڕێی کرداری ئیدارەکەی ترەمپ و ھاوپەیمانەکانی بین لەناوچەکە.

Back to top button