ئەنجومەنی وەزیران داوایەک ئاراستەی هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە بە ئامادە بوونی مەسرور بارزانی ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تالەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بەریوە چوو ، چەندین تەوەرو بابەتی هەنووکەیی گفتوگۆی لەسەر کرا .
ئەنجومەنی وەزیران خۆپیشاندانی هاووڵاتیان بە مافی ڕەوای خۆیان دەزانێت و داوا لە هاووڵاتیان و مووجەخۆرانیش دەکات نەهێڵن گرووپ و تاقمێک مافەکانی ئەوان بۆ ئامانجێکی خراپ بەکار بێنن
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە دەکات کە لە ڕۆژانی ڕابردوو گیانیان لە دەستدا و بوونە قوربانی . ئەنجومەنی وەزیران بۆ جارێکی دیکەش ڕایدەگەیەنێت کە هاووڵاتییانی مووچەخۆی بەڕێز مافی خۆیانە بە شێوەیەکی شارستانیانە ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن بەڵام داواکارین ڕێگە نەدەن مافە ڕەواکانیان بەکاربهێنرێت لە لایەن کەسان و لایەنی نابەرپرس بۆ تێکدانی رەوشی ئارامیی هەرێم و دروستکردنی پشێوی و ئاڵۆزی. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەگرێتەبەر لە پێناو دابینکردنی مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
هەر بۆ ئەم مەبەستە ئەم ئێوارەیە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی بە هەموو دەسەڵاتێکەوە سەردانی بەغدا دەکات لە پێناو گەیشتن بە ڕێککەوتن لە گەڵ حکومەتی فیدرال بۆ پرسە دارایی و ئابوورییەکان .
ئەنجومەنی وەزیران هاووڵاتییان و بەتایبەت مووچەخۆران دڵنیا دەکاتەوە کە هەوڵەکانمان لە گەڵ بەغدا بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن و هەروەها هەوڵە نێوخۆییەکانی چڕکردووەتەوە هاوکات لە گەڵ هەنگاوەکانی چاکسازی ئیداری و دارایی و پەرەپێدانی شەفافیەت لە پێناو چارەسەرکردنی دۆخی دارایی و پێدانی مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆران.