سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/12/9 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد بەسەرۆکایەتی دەیڤد شنکەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک.

 

لە کۆبوونەوەکەدا کە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئامادەی بوو، بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تاووتوێ کرا.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی . هەروەها جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرایەوە.

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی پرۆسەی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق  و جەختی لە دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی کردەوە و داواشی کرد، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆڵێکی چاودێرانە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا بگێڕێت و لەم ڕووەوە چەندین پێشنیار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور خرانەڕوو.

 

 

Back to top button