لیژنەی باڵای ئەمنی: چیدیکە رێگە بە خۆپێشاندانی بێ مۆڵەت نادرێت و هێزەكان دەستكراوە دەبن

 
لیژنەی باڵای ئەمنی وەزارەتی ناوخۆ هۆشداریی دەداتە ئەو کەسانەی خۆپێشاندانی بێ مۆڵەت دەکەن و زیان بە “مومتەلەكاتە گشتی و تایبەتەکان” دەگەیێین کە چیدیکە رێگەیان پێنادرێت بەردەوام بن و هێزەكان دەست كراوە دەبن بۆ راگرتن و مامەڵەكردن لە چوارچێوەی یاسادا.
لەدوای چەند رۆژ خۆپێشاندان لە سنووری پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان، زیانێکی زۆر بە بارەگا حیزبییەکان و فەرمانگەکانی حکومەت لەو سنوورە گەیێندراوە و چەند کەسێکیش کوژراون و برینداربوون.
لیژنەی باڵای ئەمنیی لە وەزارەتی ناوخۆ ئێوارەی ئەمڕۆ راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
1- هێزە ئەمنییەكان چیتر ڕێگە نادەن خۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەكان بەردەوامییان هەبێت و سەر بكێشن بۆ پشێویی و توندوتیژیی.
2- لێرە بە دواوە هەموو جۆرە گردبوونەوەو خۆپیشاندانێكى بێ مۆڵەت و زیانگەیاندن بە مومتەلەكاتە گشتی و تایبەتەکان، كە بۆ خزمەتى هاوڵاتییانن، قەدەغەن، هێزەكان دەست كراوەن بۆ ڕاگرتن و مامەڵەكردن لە چوارچێوەی یاسادا.
3- سەرجەم ئەو كەسانەش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بە ڕێکاری یاسایی دەستگیر دەکرێن، کە زیانیان گەیاندووە بە مومتەلەكاتى دەوڵەت و هەموو ئەوانەش كە لە پشتی هاندانى ئەو كەسانەوە بوون.
4- داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەكەین كە بەرپرسانە لەگەڵ دۆخەكەدا مامەڵە بكەن.
5- پێویستە كەناڵەكانى راگەیاندن بە گیانێکی بەرپرسیارانەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا بکەن.
راگـــەیەنــدراوى لـــیژنەى بـــــــاڵای ئــــــــەمنی
Back to top button