سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كگرتوو پێشنیارێكی نوێ بۆ سه‌رۆكایه‌تیه‌كانی هه‌رێم ده‌خاته‌ڕوو

خواكوڕك

ئه‌ندامێكی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری یەكگرتوو رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وان لەگەڵ ئەوەدا نین هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان بگۆڕدرێ، بەڵكو ده‌یانه‌وێ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان لە پۆستەكانیان بمێننەوە، بەڵام بە رێككەوتن و هاوهەڵوێستی هەموو لایەنەكان بێت.

غازى سەعید كه‌ هاوكات وەزیری هەرێمه‌ لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ده‌ڵێت، قەیرانە دارایی هه‌رێمی كوردستان زۆر سەختە و شەڕى داعش، روو تێکردنى زیاتر لە ملیۆنێک ٨٠٠ هەزار ئاوارە بۆ هەرێم و بڕینى بوودجەى هەرێمى کوردستان لەلایەن بەغدا و دابه‌زینی نرخى نەوت له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی قه‌یرانه‌كانن.

غازى سەعید له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توركیا به‌ ئاژانسی ئه‌نادۆڵی راگه‌یاندووه‌، ئەوەندەى ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ تورکیا کردووە و سەرنجمان داوەتێ پارتى داد و گەشەپێدان(ئاک پارتى) تاکە حزبە کە بە گرنگییەوە لە دۆزى کوردى روانیوە، ئەگەر بەراوردی بکەین بە حکوومەتەکانی پێشووی تورکیا ئاک پارتی سیاسەتێکى زۆر جیاوازى هەیە بەرامبەر بە هەرێمى کوردستان، ئەمەیش بووەتە جێگەى ئومێدى ئێمە.

ده‌شڵێت، “هەر کاتێک گەلى کورد بڕیارى سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان بدات، گەشبینین بەوەى تورکیا پاڵپشت و هاوکار دەبێت و دژى سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان نابێت، لە سایەى ئاستى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا و حکوومەتى ئێستای تورکیا ئەو گەشبینییەمان بۆ دروست بووە”.

Back to top button