سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆكی فەڵەستین دەكات
ڕۆژی شەممە 12ـی كانوونی یەكەمی 2020 لە سەلاحەدین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە لیوا جوبراییل ئەلرەجوب نێردەی تایبەتی سەرۆكی فەڵەستین و ئەمینداری گشتیی ڕێكخراوی فەتح كرد.
لە دیدارێكدا كە نەزمی حزووری كونسوڵی فەڵەستین لە هەولێر ئامادەی بوو، نێردەی تایبەتی سەرۆكی فەڵەستین سڵاوی تایبەتی مەحموود عەباس سەرۆكی فەڵەستینی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی فەڵەستین و گەلی كوردستان، سەرسامیی خۆشی بە بووژانەوەی هەرێمی كوردستان لە دە ساڵی ڕابردوو نیشان دا و ڕایگەیاند سەرباری بوونی كێشەی گەورە و شەڕی داعش و تەحەددیاتی تر بەڵام هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی بە ئاراستەی پێشكەوتن ناوە.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی مەحموود عەباس سەرۆكی فەڵەستینی كرد و پێزانینی هەبوو بۆ پشتیوانی و هاوسۆزیی گەلی فەڵەستین و ئازادیخوازەكانی فەڵەستین كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا پاڵپشتی خەباتی گەلی كوردستان بوونە.
هەر لەو كۆبوونەوەیە بارودۆخی سیاسیی و دواپێشهاتەكانی ناوچەكە تاوتوێ كرا و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا كرایەوە.