19ی ئاب هەڵەیەكی شاخداربوو لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە”
خواكوڕك
لەگەڵ ئەوەی ئێستا زەمینە سازی بەیەكەوە دانیشتن بۆ چارەسەری دۆخی سیاسی هەرێم لە بارترە, دوای راگەیێنراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە هەنگاوی جدی لەلایەن چەند حزبێك بە تایبەت پارتی هاویشتراوە, یەكگرتووی ئیسلامی پێی وایە چاككردنی دۆخەكە لە ئەستۆی هەموو پارتەكانە ئەگەر چی كۆبوونەوەی 19 ئاب بە هەلەیەكی شاخدار ناو دەبات كە سەرچاوەی تێكچوونی دۆخەكەیە.
سەلاحەدین بەهائەدین ئەمینداری یەكگرتوو لە میانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ رۆشنبیرانی هەولێر گوتی: “19ی ئاب، زۆر روونە كە هەڵەیەكی زۆر شاخدارە، هەڵەیەكە كە دەزانیت نیساب تەواو نابێت، شتێكیشت هەیە كە شەوی 18 لەسەر 19 دانیشتنێك كراوە، حیزبەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكییەكان بڕیارێكیان وەرگرتووە و هێزە سیاسییەكانیش لەوێ بوون، بڕیاربوو دانیشتنی 19ی ئاب دوابخرێت، بە رێككەوتنیش بوو، هەموو لایەكیش رازی بوون”.
ئەمینداری یەكگرتوو گوتیشی “دوایی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەوێتە سەر ئەو فكرەیە دانیشتنەكە ئەنجام بدات، ئەو بێمتمانەییەی هەبوو وایكرد نیساب تەواو نەبێت، لەوەش گرنگتر نیساب تەواو نەبێت دانیشتنەكە هەر ئەنجام بدەیت، ئەمە شەرمی ناوێت هەڵەیەكە زۆر روونە، ئەم كەمئەزموونییە لە ئیدارەی كار، زۆریش رێزم هەیە بۆ دكتۆر یوسف، كە وەكو كوڕی خۆم وایە، بەڵام ئەوەی كرا هەڵەیەكی زۆر روون بوو”.
سەبارەت بە رێگریكردن لە د. یوسف محەممەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە بازگەی پردێ و دوورخستنەوەی وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەت ئەمینداری یەكگرتوو گوتی “دوای ئەوەی كاردانەوە و رێككارەكانی سەر 19ی ئاب، كە پەیوەستە بە كارو كاردانەوە، تا گەیشتە 12ی ئۆكتۆبەر، هەڵەیەكی گەورە كراوە كە پەرلەمان لەكار كەوت تاوەكو بە ئەمڕۆ “.