سەبارەت بە دامەزراندنی حەشدی شەعبی کوردی لە کەرکوک وەزارەتی ناوخۆ روونکردنەوە دەدات
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ، ڕەتیکردۆتەوە ، بۆ دامەزراندنی حەشدی شەعبی کوردی لە کەرکوک پرسی پێکرابێت و دەڵێت ئاگادار نییە .
لە دوای ئەوەی دوێنێ لە کەرکوک فەوجێک بە ناوی حەشدی شەعبی کوردی دامەزراندنی خۆی ئاشکرا کرد ، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەمبارەوە ئاشکرا دەکات و پێوەندی بە فەرماندەیی و سەرۆکایەتی حەشدی شەعبییەوە دەکات
دەقی راگەیێندراوەکە وەزارەتی ناوخۆ
*ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە*
لە بارەی بڵابوونەوەی هەواڵێك لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن سەبارەت بە دروستكردنی هێزێكی چەكداری كورد لە پارێزگای كەركووك كە سەر بە حەشدی شەعبی بێت، بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین كە پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە پەیوەندیمان بە سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كردووە بۆ بە دواداچوونی بابەتەكە.
لە وەڵامی بەدواداچوونی ئێمەدا، دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتی کردەوە كە هیچ هێزێكی سەر بە حەشدی شەعبی بۆ كوردستانیان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دروست ناكرێت و ئەوان ئاگاداری دروستبوونی هیچ هێزێكی لەو شێوەیە نین لە پارێزگای كەركووک و لە لایەن خۆشیانەوە بەدواداچوون بۆ بابەتەكە دەكەن وئەگەر هیچ هەنگاوێكێش هاوێژرابێت بۆ دروستكردنی ئەو جۆرە هێزە، ئەوا لە لایەن سەرۆكایەتی دەستەكەیانەوە کاردەکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی.
وەزارەتی ناوخۆی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
هەولێر
13/12/2020